سەرۆک کۆمار پێشوازی لە بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد
سام
٢٥ی ئایاری ٢٠٢٥
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ یەکشەممە25ـی 5ـی 2025، لەکۆشکی بەغداد، پێشوازی لە شو دۆنیۆ بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان (فاو) و وەفدی یاوەری کرد.
لەمیانی دیدارەکەدا باسیان لەهاریکاری تەکنیکی نێوان عیراق و رێکخراوی (فاو) و چۆنیەتی بەرزکردنەوەی ئاستیان بۆ پشتیوانیکردنی کەرتەکانی کشتوکاڵ وبەرهەمە کشتوکاڵیەکان و باشترکردنی کوالێتی تۆو و پاراستنی بەپیتی خاک و روبەڕوبونەوەی ئاستەنگەکانی پەیوەست بە ئاسایشی خۆراک کرد، جگە لە ئاڵوگۆڕکردنی شارەزایی تەکنیکی و تەکنەلۆژی لە نێوان هەردوولا.
سەرۆک کۆمار جەختی لە گرنگی پابەندبون بەڕاسپاردەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بواری بەڕێوەبردنی ئاو و کەمکردنەوەی بەفیڕۆدان و هاوکاری نێوان وڵاتانی دراوسێ کردەوە، بەمەبەستی پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکان و کارکردن بۆ پاراستنی ژینگە، بە ئاماژەدان بەوەی کە گۆڕانی کەشوهەوا ئاستەنگێکی گەورەیە بۆ ناوچەکە، بەتایبەت لە عیراق بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوی روبارەکانی دیجلە و فورات و وشکەساڵی و بەبیابانبون و کاریگەرییە گەورەکانیان لەسەر کەرتی کشتوکاڵ.
سەرۆک کۆمار دووپاتی کردەوە لە پێویستی هاوکاری و هەماهەنگی هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی ئاو و سود وەرگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەکان بۆ رێکخستن و دابەشکردنی ئەم سەرچاوەیە، هاوکات جەختیشی لەوە کردەوە کە عیراق لەئێستادا سەرنجی لەسەر بەدەستهێنانی پشکێکی دادپەروەرانەیە لە ئاو.
لەلای خۆیەوە شو دۆنیۆ، پێزانینی گەورەی خۆی بۆ ئەو پێشکەوتن و گەشەپێدانەی کە لە عیراقدا بەدی دەکرێت، چ لە شارەکان و چ لە روی کشتوکاڵدا دەربڕی، جەختیشی لە پابەندبوونی رێکخراوی (فاو) کردەوە بۆ بەردەوامبوونی هاوکاریی دوولایەنە لە بوارە جیاوازەکاندا لە چوارچێوەی پسپۆڕی خۆیدا.
لە دیدارەکەدا هەر یەک لە یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوی (فاو) و نوێنەری هەرێمی بۆ رۆژهەڵاتی نزیک و باکووری ئەفریقا د.عەبدو لحەکیم واعر و نوێنەری (فاو) لە عیراق د.سەلاح حاجی حەسەن، ئامادە بوون.








