پەرلەمانتارێكی ئێران: هیچ هیوایەك بە دانوستان لەگەڵ ئەمریكا نییە
کەژان
٢٥ی ئایاری ٢٠٢٥
وتەبێژی لیژنەی ئاسایش و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، هیچ هیوایەكیان بە دانوستان لەگەڵ ئەمریكادا نییە بۆیە پلانێكی دیكە ئامادە دەكەن.
ئیبراهیم رەزایی، وتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران، لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفیزیۆنیدا رایگەیاندوە، هەڵوێستی لێپرسراوانی ئەمریكا روونە سەبارەت بە پێویستی راگرتنی تەواوەتی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئیِران.
وتیشی، ئەوان بێ ئومێد بوون لە دانوستانەكانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە و هیوایەكی ئەوتۆیان پێی نەماوە كە دانوستانەكان رێككەوتنیان لێبكەوێتەوە.
رەزایی جەختی لەوەشكردەوە، بەهۆی بێ ئومێدبوونیان لە دانوستانەكان، لە ئێستادا تاران پلانێكی دیكە ئامادە دەكات.
ئەو پەرلەمانتارە راشیگەیاند، ئەگەر ئامانجی ئەمریكییەكان تەنیا رێگریكردن بێت لە بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی لە لایەن ئێرانەوە، ئەوا رەنگە بتوانرێت رێككەوتنێك بكرێت، بەڵام ئەگەر ئامانجیان راگرتنی تەواوەتی پیتاندنی یۆرانێوم بێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە رێككەوتن ئەنجامنادرێت.
ئەمە لە كاتێكدایە، رۆژی هەینی خولی پێنجەمی دانوستانەكانی تاران و واشنتۆن لە رۆما بەرێوەچوو، دوای كۆبوونەوەكە وەزیری دەرەوەی ئیران وتی، دانوستانەكان ئەرێنیی بوون.