چەند چەکدارێکی نەناسراو تەقە لە نوسینگەی ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەکەن
هەساو ئەمیر
٢٥ی ئایاری ٢٠٢٥
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەند چەکدارێکی نەناسراو لە بەسڕە تەقەیان لە نوسینگەی ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کردووە و دواتر هەڵاتوون.
مستەفا جەبار ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ڤیدیۆی کامێراکانی چاودێری بڵاوکردووەتەوە و تیایدا دەردەکەوێت، چەند چەکدارێکی نەناسراو سەعات 2:00ی بەرەبەیان بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری کۆرۆلاوە تەقە لە نوسینگەکەی دەکەن.
لە راگەیەنراوێکدا ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاندووە بۆ پاراستنی ئارامی ئەو گەڕەک و شەقامەی نوسینگەکەی لێیە، هەروەها دڵنیابوونەوە لە سەلامەتی پاسەوانەکانی، بڕیاریانداوە بەوەی نوسینگەکەی لە بەسڕە دابخەن، ئەگەرچی تاکە نوسینگەیەتی لەو پارێزگایە.
ئەمە دووەم هێرشی لەو جۆرەیە لەماوەی پێنج مانگی رابردوودا بکرێتە سەر نوسینگەی مستەفا جەبار، هەرچەندە تۆمەتبارانی هێرشی یەکەم بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ دەرچوو، کە بە "بەکرێگیراو" ناویان هێنرابوو، بەڵام هێشتا روون نەبووەتەوە ئاخۆ تۆمەتباری سەرەکی پشتی روداوەکە کێ بووە.