بەڕێوەبەری گشتی رێكخراوی تەندروستیی جیهانیی رەخنەی توند لە ئیسرائیل دەگرێت و دەڵێت، كارێكی هەڵەیە خواردن و پێداویستی پزیشكی وەك چەك دژی خەڵكی غەززە بەكاربهێنرێت.

تیدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری گشتیی رێكخراوی تەندروستی جیهانی لە وتارێكیدا بۆ كۆبوونەوەی گشتی ساڵانەی رێكخراوەكەیان، داوای لە ئیسرائیل كرد كە بەزەیی لە شەڕی غەززەدا نیشان بدات و كۆتایی بە لەناوبردنی سیستماتیكی سیستەمی تەندروستیی غەززە بهێنێت، وتیشی كە ئەو شەڕەی ئیسرائیل چارەسەرێكی هەمیشەی ناهێنێتە ئاراوە.

 راشیگەیاند، بەڕاستی هەڵەیە خواردن و  پێداویستی پزیشكی وەك چەك دژی خەڵك بەكاربهێنرێت.

ئەو لێدوانەی بەڕێوەبەری گشتی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی لە كاتێكدایە، ماوەی دوو مانگ بوو ئیسرائیل گەمارۆی مرۆیی خستبووە سەر غەززە، دوو رۆش پێش ئێستاش رێكخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری دا و رایگەیاند، ئەگەر لە ماوەی 48 سەعاتدا خواردن نەگات بە غەززە، 14 هەزار منداڵی تازەلەدایكبوو دەمرن. پێش تەواوبونی ئەو وادە بە فشاری نێودەوڵەتی ئیسرائیل رێگەی دا هاوكاری مرۆیی بگەیەنرێتە غەززە، بەڵام لە بۆردومانەكانی بەردەوامە.