ئەمریكا رەزامەندی نیشاندا بۆ وەرگرتنی فڕۆكەكەی قەتەر كە بە دیاری درابوو بە دۆناڵد ترەمپ.

وەزارەتی بەرگری ئەمریكا رایگەیاند، رادەستكردنی فڕۆكەیەكی لوكس بۆینگ 747 لە قەتەرەوە بۆ ئەمریكا قبوڵكردووە بۆ ئەوەی وەك فڕۆكەی نوێی سەرۆكایەتی دۆناڵد ترەمپ بخرێتە خزمەتەوە.

پنتاگۆن پشتڕاستیكردوەتەوە، ئەركی هێزی ئاسمانی خستووەتە خزمەت فڕۆكە قەتەرییەكە بۆ سەرۆكایەتیی وڵاتەكەی بەناوی "ئایر فۆرس وەن" كە لە ئێستادا لە شاری سان ئەنتۆنیۆی ویلایەتی تەكساسە.

لە بەرانبەریشدا مشتومڕێكی توندی سیاسی لەنێو دیموكراتەكاندا دروستبووە سەبارەت بە وەرگرتنی دیارییەكەو بە بەرتیل وەسفی دەكەن، بەوپێیەی وەرگرتنی دیاری لە حكومەتە بیانییەكان بە یاسایی لە ئەمریكا قەدەغە كراوە.

نرخی فڕۆكە قەتەرییەكە نزیكەی 400 ملیۆن دۆلارەو ماوەی 13 ساڵە دروستكراوە، بەوتەی دوو سیناتۆری دیمكراتەكان، بۆ ئامادەكردنی وەك فرۆكەیەكی سەرۆكایەتی زیاتر لە یەك ملیار دۆلاری پێویستە، بەپێی دوایین خەمڵاندنەكانیش، تێچووەكەی دەگاتە زیاتر لە دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلار.