دوو كارمەندی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل بەهۆی تەقەكردن لێیان لە واشنتۆن كوژران، پۆلیسیش دەڵێت: بكوژەكەیان دەستگیركراوە.

میدیاكانی ئەمریكا بڵاویانكردەوە، كە دوو كارمەندی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل كە بەشداریان لە بۆنەیەكدا كردوە كە لە مۆزەخانەی جولەكەكان لەواشنتۆن رێكخراوە ، لە نزیك ئەو مۆزەخانەیە تەقەیان لێكراوە كوژران و پاشان، پۆلیسی ئەو وڵاتە دەستگیركردنی تۆمەتباری رووداوی تەقەكردنەكەی پشتڕاستكردەوە.

بەپێی زانیاریەكانی پۆلیسی ئەمریكا، تۆمەتبارەكە ناوی ئلیاس رۆدریگێز و تەمەنی 30 ساڵە لە كاتی دەستگیركردنیدا هاواری كردوە ئازادی بۆ فەلەستین، راشیانگەیاند، پێدەچێت هێرشەكە پێشوەختە پلانی بۆ داڕێژرابێت، وتیشی، لەكاتی تەقەكردنەكەدا چەند كارمەندێكی دیكەی باڵیوزخانەی ئیسرائیل برینداربوون.

دانی دانۆن، باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند، كە پەیوەندی لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا ئەنجامداوە لە رووداوەكە ئاگاداری كردۆتەوە، وتیشی،  تەقەكردن لە دەرەوەی مۆزەخانەی جولەكەكان لە واشنتۆن، كردەوەیەكی تیرۆریە دژی جوولەكەكانە.

هاوكات، دۆناڵد ترەمپ، هاوخەمی خۆی بۆ قوربانیانی تەقەكردنەكەی واشنتۆن دەردەبڕێت، رایگەیاند، بیربۆچونی توندرەوەی هۆكاری روودانی ئەو رووداوانەن.

وەزیری دەرەوەی ئەمریكاش رایگەیاند، بەدوای تۆمەتباران دەكەون و دەستگیریان دەكەن و رادەستی دادگایان دەكەن.