بەریتانیا و یەکێتی ئەوروپا بێ گەڕانەوە بۆ ئەمریکا سزای نوێیان بەسەر روسیادا سەپاند
رەوەز
٢٠ی ئایاری ٢٠٢٥
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، بەریتانیا و یەکێتی ئەوروپا پاکێجێکی نوێی سزاکانیان بەسەر روسیادا سەپاند، ئەمەش لە هەوڵێکدا بۆ زیادکردنی گوشارەکان لەسەر حکومەتەکەی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ئەو وڵاتە.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی رۆیتەرز، سزاکان بەشێوەیەکی سەرەکی دوو کەرتی گرنگ دەگرێتەوە: کۆمپانیا داراییەکان و ئەو تانکەرە نەوتانەی کە بە شێوەیەکی نهێنی هاوکاری روسیا دەکەن لە دەور دانەوەی سزاکانی پێشتر.
جێی باسە، ئاژانسی رۆیتەرز ئاشکرای کردووە کە بەریتانیا و ئەوروپا هەوڵیان داوە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رازی بکەن بۆ بەشداریکردن لە سەپاندنی ئەم سزایانەدا، بەڵام دواجار بەبێ گەڕانەوە بۆ واشنتن، یەکلایەنە ئەم بڕیارەیان داوە.
شایەنی باسە، ئەم هەنگاوە کەمتر لە 24 کاتژمێر دوای ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە هات کە دوێنێ دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ هەریەک لە ڤلادیمێر پوتن و ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی و چەند سەرکردەیەکی ئەوروپی ئەنجامی دا، بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ کۆتایی هێنان لەبارەی کۆتاییهێنان بە جەنگی روسیا - ئۆکراین.
لەو بارەیەوە، دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند کە هەردوو لایەنی روسی و ئۆکراینی رەزامەندییان نیشان داوە بۆ دەستپێکردنی دانوستاندنی دوو قۆڵی دەستبەجێ لەسەر ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە جەنگ.
هاوکات، ژمارەیەک لە سەرکردەکانی ئەوروپا پێداگرییان کردووەتەوە لەسەر پێویستی سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر روسیادا بۆ زیادکردنی فشارەکان لەسەر مۆسکۆ.