واشنتۆن پۆست: ترەمپ هەڕەشەی لە ئیسرائیل كردووە بۆ ئەوەی شەڕ رابگرێت
١٩ی ئایاری ٢٠٢٥
ئیدارەی ترەمپ هەڕەشەی دەستبەرداربوون لە ئیسرائیل دەكات، ئەگەر شەڕ لە كەرتی غەززە رانەگرێت، جێگری سەرۆكی ئەمریكاش سەردانەكەی بۆ تەلئەبیب هەڵوەشاندەوە.
رۆژنامەی واشنتۆن پۆست لەزاری كەسانی نزیك لە ترەمپەوە ئاشكرایكردووە، ئیدارەی كۆشكی سپی هۆشداری بە ئیسرائیل داوە ئەگەر شەڕی غەززە رانەگرێت، ئەمریكا دەستبەرداری دەبێت.
ئاماژەی بەوەشكردووە، لەگەڵ پەرەسەندنی بۆردومانەكانی ئیسرائیل بۆ سەر كەرتی غەززە، فشارەكانی ترەمپ بۆسەر ناتانیاهۆ زیادیكردووە. جەختی لەوەش كردووەتەوە، ناتانیاهۆ ئیرادەی سیاسی نییە بۆ راگرتنی ئەو شەڕە و رێگەی گەڕانەوەی نەماوە.
هاوكات لێپرسراوێكی باڵای ئەمریكا هۆكاری هەڵوەشاندنەوەی سەردانەكەی جەی دی ڤانس جێگری سەرۆكی ئەمریكا بۆ ئیسرائیل ئاشكراكرد و رایگەیاند، ئیدارەی ئەمریكا دژی بڕیارەكەی ناتانیاهۆ بووە بۆ دەستبەسەرداگرتنی كەرتی غەززە و وەك فشارێك لێكدراوەتەوە بۆسەر كابینەی ئیسرائیل.