ترەمپ و پوتن پەیوەندییەكی تەلەفۆنییان ئەنجام دا
١٩ی ئایاری ٢٠٢٥
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و ڤلادیمێر پوتن سەرۆكی روسیا پەیوەندییەكی تەلەفۆنییان ئەنجامدا.
لە راگەیەنراوێكدا سەرۆكایەتی روسیا ئاشكرایكرد، پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی ترەمپ و پوتن دوو سەعاتی خایاندووە بەوتەی خۆی، مانادار و راشكاوانە و بەسوود بووە.
راگەیەنراوەكە لە زاری پوتنەوە دەڵێت، سوپاس و پێزانینی بۆ ترەمپ نیشانداوە بۆ بەشداریكردنی ئەمریكا لە دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان لەگەڵ ئۆكراین و جەختی لەوە كردووەتەوە، مۆسكۆ پاڵپشتی وەستاندنی شەڕ دەكات.
جەختی لەوەش كردۆتەوە، پێویستە كاریگەرترین ڕێگاچارەكان بەرەو ئاشتی پەرەپێبدرێن و ئاگربەستی كاتیش، ئەگەری ڕێككەوتنی درێژخایەنتری هەیە.
هەروەها پوتن دەڵێت، پێویستە سازانێك بدۆزرێتەوە لەگەڵ هەموو لایەنەكان بۆ راگرتنی شەڕ و جەختی لەوەش كردۆتەوە، لەگەڵ ترەمپ ڕێككەوتوون كە مۆسكۆ لەگەڵ لایەنی ئۆكراینی كاربكات لەسەر یاداشتێك بۆ پەیماننامەیەكی ئاشتی.