بەهۆی تەقیینەوەیەك لە سوریا لانیكەم سێ پۆلیس گیانیان لەدەستدا
١٩ی ئایاری ٢٠٢٥
بەهۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو لە سوریا لانیكەم سێ پۆلیس گیانیان لەدەستدا و دووانی دیكەش بریندار بوون.
ئاژانسی هەواڵی سانای سوری لە زاری خەلیل عەبدول بەڕێوەبەری ناحیەی مەیادین بڵاویكردەوە، ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو لە نزیك بنكەیەكی پۆلیسی شاری مەیادین لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە سێ پۆلیس كوژران و دوو كەسی دیكەش بریندار بوون.
روانگەی سوریاش بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاند، ژمارەی كوژراوانی تەقیینەوەكە گەیشتووەتە پێنج كەس، لەنێویاندا چوار ئەفسەری پۆلیس هەیە، جگە لەوەی دوو هاووڵاتی مەدەنیش بریندار بوون، كە یەكێكیان منداڵە و لە شوێنی تەقیینەوەكەوە نزیكبووە.
بەپێی زانیارییەكانی روانگەی سوری، ئەو تەقیینەوەیە هاوكات بووە لەگەڵ دەستپێكردنی هەڵمەتێكی ئەمنی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئەو شارەوە.