تا ئێستا 21 هەزار هاووڵاتی عیراق بۆ پرۆسەی حەجی ئەمساڵ گەیشتوونەتە سعودیە
هەساو ئەمیر
١٩ی ئایاری ٢٠٢٥
دەستەی حەجی عیراق رایگەیاند، تا ئێستا 21 هەزار هاووڵاتی بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکی ئایینیی حەج گەیشتوونەتە سعودیە، کە کۆی گشتیی ژمارەی ئەو کەسانەی بۆ ئەمساڵ دەچنە حەج زیاترە لە 33 هەزار کەس.
محەمەد مەتەر بەڕێوەبەری فەرمانگەی كاروباری حەجی عیراق لە شاری مەدینە رایگەیاند، تا ئێستا لە رێگەی وشكانیی و ئاسمانییەوە 21 هەزار هاووڵاتی عیراقی گەیشتوونەتە سعودیە بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکی ئایینیی حەج، کە لەو ژمارەیە، شەش هەزاریان سەردانی مەدینەیان کردووە و بەرەو حەج بەڕێدەکەون بۆ بوون بە حاجی.
باسی لەوەشکرد، عیراق لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا توانیویەتی پلەی یەکەم بەدەستبهێنێت لە ئاستی خزمەتگوزارییەکانی کە پێشکەش بە هاووڵاتیانی خۆی دەکات بە درێژایی پرۆسەی حەج.
ژمارەی ئەو هاووڵاتیانەی ئەمساڵ لە عیراقەوە گەشتی حەج دەکەن 33 هەزار و 690 هاووڵاتییە، کە لەو ژمارەیە پێنج هەزار و 136 هاووڵاتییان دانیشتووی هەرێمی کوردستانن.
لە هەرێم رۆژی 16ی ئەم مانگە یەکەم کاروانی حاجییان لە رێگای وشکانییەوە بەرەو سعودیە کەوتە رێ و دوێنێش، یەکەم کاروان لە رێگەی ئاسمانییەوە بەرەو سعودیە رۆیشتن.