وەزیری دەرەوەی ئەمریكا: دانوستانی روسیا و ئۆكراین بەبێ ترەمپ سەركەوتوو نابێت
١٨ی ئایاری ٢٠٢٥
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، بەبێ ترەمپ دانوستانی نێوان ئۆكراین و روسیا سەركەوتوو نابێت و كۆتاییهێنان بە شەڕ كاتی دەوێت.
ماركۆ روبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی سی بی ئێس رایگەیاند، تاكە رێگە بۆ بەرەوپێشچونی دانوستانەكانی نێوان روسیا وئۆكراین ئەوەیە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بە شێوەیەكی راستەوخۆ چاوی بە ڤلادیمێر پوتن بكەوێت و گفتوگۆش لەگەڵ زیلینسكی بكات.
دەشڵێت، ترەمپ بە ئاشكرا پێشنیازی كرد كۆبوونەوەیەكی جیابكرێت و چونكە ئەوان بەدوای ئاشتی و كۆتاییهێنان بە شەڕێكی خوێناوین.
وتیشی، كاتیان نییە بۆ بەفیڕۆدان، زۆر شتی تر هەیە لە جیهاندا ڕوو دەدەن، دەبێت بەهەمان شێوە بایەخیان پێ بدەن.
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا راشیگەیاند، سبەینێ دووشەممە دۆناڵد ترەمپ پەیوەندیی بە پوتنەوە دەكات، دواتر قسە لەگەڵ زیلینسكی دەكات.