نەتەوە یەكگرتووەكان ئاشكرایكرد، لە ساڵی 2024 دا زیاتر لە 290 ملیۆن كەس لە جیهاندا بەدەست برسێتی لە رادە بەدەر ناڵاندویانە.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا سەبارەت بە قەیرانی خۆراك لە جیهاندا لە ژێر ناونیشانی "برسێتی بەهۆی ململانێكانەوە ژمارەی پێوانەی دەشكێنێت" رایگەیاند، لە ساڵی 2024 دا 295 ملیۆن كەس رووبەڕووی برسێتی بوونەتەوە، كە زۆرینەیان لە غەززە و سودان و یەمەن و مالی بوون.

ئاماژەی بەوەشكرد، ماوەی شەش ساڵە لەسەر یەك ئەو رەوشە بەو شێوەیە بەردەوامە و ساڵانە برسێتی زیاد دەكات.

جەختیشی لەوەشكردەوە، ناكۆكییەكان و گۆڕانی كەشوهەوا وەك بزوێنەری سەرەكی قەیرانەكە دەمێننەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەهۆی خراپبوونی زیاتری رەوشی ئاسایشی خۆراك و بەدخۆراكی و بڕینی بەشێكی زۆری بودجەی رێكخراوەكەیان، توانای وەڵامدانەوەیان بۆ كاریگەرییەكانی برسێتیی كەمیكردووە.