ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا جەختی کردەوە کە بارودۆخی مرۆیی لە کەرتی غەززە بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە و رایگەیاند هیوادارە بەم زوانە لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەو بابەتە تاوتوێ بکات.

سەرۆکی فەرەنسا لە میانی کۆبوونەوەی سەرکردەکانی ئەوروپا لە ئەلبانیا بە راگەیاندنەکانی وت: "بارودۆخی مرۆیی غەززە قبوڵکراو نییە، لە سەرەتای ئەم دۆخەدا گەیشتووینەتە ئاستێک کە پێشتر نەمانبینیوە، لە روی کاریگەرییە مرۆییەکانییەوە".

ماکرۆن جەختی کردەوە کە ئەولەویەتەکان بریتین لە گەیشتن بە ئاگربەست لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماسی فەڵەستینی و دەستپێکردنەوەی هاتنە ناوەوەی هاوکارییە مرۆییەکان.

سەرۆکی فەرەنسا ئاماژەی بەوەش کرد: "دەرفەتم دەبێت بۆ ئەوەی لەگەڵ نەتەنیاهۆ لەسەر ئەم بابەتە قسە بکەم، هەروەها ئەم بابەتەشم لەگەڵ سەرۆک ترەمپ وروژاندووە".

هاوکات، ترەمپ پێشتر ئەمڕۆ هەینی باسی لەوە کردبوو کە "ئێمە چاو لە پرسی غەززە دەکەین، کار بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە دەکەین، خەڵکێکی زۆر لە برسێتی دەمرن".

شایانی باسە، لە 2ـی ئازاری ئەمساڵەوە ئیسرائیل بە توندی هاتنە ناوەوەی یارمەتییە مرۆییەکانی بۆ ناو کەرتی غەززە قەدەغە کردووە کە ژمارەی دانیشتوانی دوو ملیۆن و 400 هەزار کەسە. لە 18ـی هەمان مانگدا، دوای ئاگربەستی دوو مانگە، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دەستپێکردەوە، ئەوەش دوای شەڕێک کە لە کەرتی غەززە لە نێوان ئیسرائیل و حەماسدا سەریهەڵدا.