دۆناڵد ترەمپ کۆتایی بە گەشتەکەی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێنا
١٦ی ئایاری ٢٠٢٥
سەرۆكی ئەمریكا کۆتایی بە گەشتەکەی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێنا و لە کۆتایی گەشتەکەیدا رایگەیاند، سعودیە و ئیمارات و قەتەر و بۆ واشنتن زۆر گرنگن، هەروەها لەگەڵ پوتن كۆدەبێتەوە و چارەسەرێك بۆ رەوشی غەززە دەدۆزێتەوە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە دوای كۆتاییهاتنی سەردانەكەی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند، چەند هەفتەیەكی تر رەوشی جیهان باشتر دەبێت بەراورد بە ئێستا. وتیشی، بیر لە دۆزینەوەی چارەسەرێكی گونجاو بۆ رەوشی غەززە دەكاتەوە.
لەبارەی شەڕی نێوان ئۆكراین و روسیاش ترەمپ وتی، دەبێت شەڕی نێوان ئەو دوو وڵاتە رابگیرێت كە رۆژانە ژمارەیەكی زۆر كوژراو و برینداری لێدەكەوێتەوە.
ئاشكراشیكرد، لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن سەرۆكی روسیا كۆدەبێتە بۆئەوەی رێگە چارەیەكی گونجاو بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕ بدۆزێتەوە.
لە چەند رۆژی رابردوودا ترەمپ سەردانی سعودیە و ئیمارات و قەتەری كرد و ژمارەیەك رێككەوتنیشی لەگەڵ ئەو وڵاتانە ئیمزاكرد كە سەرجەمیان بە نزیكەی چوار تریلۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت.