بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز" کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوکراوەتەوە، مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، نیگەرانی وڵاتەکەی لە بارودۆخی مرۆیی کەرتی غەززە دەربڕیوە.

مارکۆ رۆبیۆ لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان لە شاری ئەنتالیای تورکیا وتی: "ویلایەتە یەکگرتووەکان بێباک نییە بەرامبەر بە ئازاری خەڵک لە غەززە، کە لە دووی مارسەوە هیچ هاوکارییەکی مرۆییان پێنەگەیشتووە".

لە لایەکی دیکەوە، وەزیری دەرەوەی تورکیا، هاکان فیدان، ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، کە چاوی بە هاوتا ئەمریکییەکەی، مارکۆ رۆبیۆ، کەوتووە و باسیان لە قەیرانەکانی ناوچەکە کردووە. 

ئەم دیدارە لە کاتێکدایە کە هەردوو وەفدی روسیا و ئۆکراین لە تورکیان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر راگرتنی شەڕ.