بۆ بەڕێوهچوونی باشتر و رێکوپێکتری پڕۆسەی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 9ی بنەڕەتی و پۆلی 12ی ئامادەیی، وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان فەرمانێکی وەزاری نوێی بڵاوکردەوە، کە چەند رێنمایەک لە خۆ دەگرێت.
وەزارەتی پەروەردە چەندین رێکاری توند بۆ رێگریکردن لە غەشکردن و پاراستنی پرۆسەکە گرتوەتەبەر؛ لەوانە دابینکردنی کەشێکی گونجاو لە هۆڵەکاندا و قەدەغەکردنی هێنانی هەر جۆرە مۆبایلێک لەلایەن سەرپەرشتیاران، بەڕێوەبەران و یاریدەدەرانەوە بۆ ناو هۆڵەکان، جگە لەو مۆبایلە تایبەتەی بۆ بەڕێوەبەری هۆڵەکە دابینکراوە. هاوکارییکردن لە غەش وەک خیانەت لێکدەدرێتەوە و ڕووبەڕووی لیژنەی لێکۆڵینەوە دەبێتەوە.
هەر بەپێی فەرمانە وەزارییەکە، پرسیارەکان لەلایەن مامۆستایانی چاودێرەوە لە ناو هۆڵ دەکرێنەوە و دەبێت دڵنیابنەوە لەوەی کە سۆما و پرسیاری هەر خوێندکارێک ناوی خۆی لەسەر بێت، بە پێچەوانەوە نمرەی بۆ هەژمار ناکرێت.
هەروەها پێش چوونە ژوورەوەش، پشکنینی ورد بۆ هەموو خوێندکاران بکرێت و هێنانەژوورەوەی سەعاتی زیرەک، مۆبایل و هەر ئامێرێکی ئەلیکترۆنی قەدەغەیە؛ ئەگەر لای هەر خوێندکارێکەوە ببینرێت، روبەڕووی سزای توند دەبێتەوە.
وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوەشکردوە، لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا تەنها لیژنەی لقی تاقیکردنەوەکان و سەرپەرشتیاران مافی وێنەگرتنی پرسیارەکانیان هەیە و بڵاوکردنەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان قەدەغەیە.
جگە لەوەش، مامۆستایان و سەرپەرشتیاران مافی بڵاوکردنەوەی پرسیارەکانی پۆلی 12ی ئامادەییان نییە و وەڵامەکان تەنها لەلایەن لیژنەی باڵاوە لە کاتی دیاریکراودا بڵاودەکرێنەوە.