ئەمڕۆ دانوستانی ئاشتی ئۆكراین لە ئیستانبوڵ بەڕێوەدەچێت
کەژان
١٥ی ئایاری ٢٠٢٥
سەرۆكی روسیا بەشداری دانوستانەكانی ئەمڕۆی ئیستانبوڵ لەبارەی ئاشتی لە ئۆكراین ناكات، سەرۆكی ئۆكراینیش دەچێتە ئەنقەرە.
كۆشكی سەرۆكایەتی روسیا كرملن بڵاویكردەوە، ڤلادیمێر پوتن لە دانوستانەكانی ئاشتی بۆ راگرتنی شەڕی ئۆكراین كە بڕیارە ئەمڕۆ لە ئیستانبوڵ بەڕێوەبچێت ئامادە نابێت.
ئاماژە بەوەشكراوە، پوتن وەفدێكی باڵای پێكهێناوە بۆ دانوستانەكان كە متمانەی تەواوەتی پێی هەیە، كە هەمان ئەو كەسانەن كە پێشتر بەشداری دانوستانەكانی ساڵی 2022 یان كردووە.
لەلایەكی دیكەوە ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری لێپرسراوێكی باڵای ئۆكراین بڵاویكردەوە، ڤۆلۆدیمیر زێلینسكی، سەرۆكی ئۆكراین بەڕێكەوتووە بۆ توركیا، بۆ ئەوەی بەشداری لە دانوستانەكاندا بكات.
هاوكات ماركۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و ستیڤ ویتكۆف و كیس كیلۆگ نوێنەرایەتی ئەمریكا لە دانوستانەكانی نێوان روسیا و ئۆكراین دەكەن.
ئەمە لەكاتێكدایە پێشتر دۆناڵد ترەمپ پێشتر ئامادەیی خۆی دەربڕیبوو بۆ بەشداریكردن لە دانوستانەكان، بەمەرجێك پوتن بەشداری بكات، بەڵام پوتن بڕیاریدا بەشداری نەكات.