نەتەنیاهۆ و ماکرۆن لەسەر دۆخی غەززە هێرش دەکەنە سەر یەکتری
رەوەز
١٤ی ئایاری ٢٠٢٥
بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ئەمڕۆ چوارشەممە بە توندی هێرشی کردە سەر ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆكی فڕەنسا، لە دوای ئەوەی سەرۆکی فڕەنسا رەخنەی لە سیاسەتەکانی ئیسرائیل گرت لە کەرتی غەززە.
نەتەنیاهۆ لە لێدوانێکدا وتی: "ماکرۆن هەڵیبژاردوە کە لەگەڵ رێكخراوێكی تیرۆریستی بکوژدا بوەستێت و پڕوپاگەندەی درۆ دوبارە بکاتەوە و تۆمەتی خوێناوی لە دژی ئیسرائیل دروست بکات".
هەروەها نەتەنیاهۆ رەتیکردەوە کە خەڵکی غەززە برسی بکات و گوتی: "لەبری ئەوەی پشتیوانی لە ئۆردوگای دیموكراسی رۆژئاوا بکات، داوای ئەوە دەکات کە ئێمە خۆمان رادەست بکەین و پاداشتی تیرۆر بدەینەوە".
ئەم لێدوانانەی نەتەنیاهۆ دوای ئەوە هات کە ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆكی فڕەنسا رۆژی سێشەممە رێگریکردن لە گەیاندنی یارمەتییەکان بۆ کەرتی غەززە لەلایەن بنیامین نەتەنیاهۆوە بە "شەرمەزارکەر" وەسف کرد.
ماکرۆن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ئەوەی حکومەتی بنیامین نەتەنیاهۆ لە غەززە دەیکات قبوڵ نەکراو و جێگەی شەرمەزارییە"، جەختیشیكردەوە کە ئەوەی لە کەرتی غەززە رودەدات کارەساتێکی مرۆیی قبوڵنەکراو و ترسناکە و دەبێت رابگیرێت.
لە لایەکی ترەوە، کابینەی ئاسایشی ئیسرائیل پلانێکی بۆ فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە کەرتی غەززە پەسەند کرد، کە لەنێو شتەکانی دیکەدا "داگیرکردنی کەرتی غەززە و مانەوە لەوێ" لەخۆدەگرێت.
نەتەوە یەکگرتوەکان پلانێکی ئیسرائیلی بۆ رێکخستنی هاتنی یارمەتییەکان بۆ غەززە رەتکردەوە و بە پێشێلکردنی بنەماکانی کردەوەی مرۆیی و بێلایەنی و سەربەخۆیی زانی.
رێکخراوە نێودەوڵەتییەکە هەروەها رایگەیاندوە کە ئیسرائیل بە شێوەیەکی سیستماتیکی رێگری لە یارمەتییەکان دەکات، ئەمەش وایکردوە کە نەتوانرێت فریاگوزاری بگەیەنێتە ناوچەی جەنگ. داوای کردنەوەی هەمیشەیی دەروازەکان بۆ یارمەتییەکان و رێزگرتن لە یاسای مرۆیی و کۆتاییهێنان بە گەمارۆکە دەکات بۆ رزگارکردنی گیانی خەڵکی سڤیل لە غەززە.