ترەمپ بڕیاریدا سەرجەم سزاكانی سەر سوریا هەڵبگرێت، هەوکات لە پایتەختی سعودیەوە رایگەیاند: لە چەند مانگی رابردوودا دەستکەوتی زۆرمان بەدەستهێناوە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە ریازی پایتەختی سعودیەوە رایگەیاند، بەئامانجی هاوكاریكردنی دیمەشق لە بنیاتنانەوەی سوریادا، بڕیاریداوە سەرجەم سزاكانی سەر ئەو وڵاتە هەڵبگرێت، هیواداریشە حكومەتی نوێی سوریا سەركەوتوو بێت لە پاراستنی سەقامگیری سوریا و هاووڵاتیانی.

لەبارەی ئێرانیشەوە ترەمپ وتی، دەیەوێت لەگەڵ ئێران بگەنە رێككەوتن بۆ ئەوەی ئاسایشی ناوچەكە جێگیر بێت، بەڵام هۆشداریشیدا لە ئەگەری نەگەیشتنە رێككەوتن و وتی، سیاسەتی زۆرترین فشار بۆ سەر ئێران دەگەڕێننەوە و ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتەكە دەگەیەننە سفر.

ئاماژەی بەوەش كرد، بۆ چاودێریكردنی دانوستانەكانی نێوان روسیا و ئۆكراین كە بڕیارە رۆژی پێنجشەممە لە ئیسنتەنبوڵ بەڕێوەبچێت، ماركۆ روبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا سەردانی ئیستەنبوڵ دەكات و لەپەراوێزیشدا لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا كۆدەبێتەوە.

بە ئامانجی كەمكردنەوەی ململانێكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش ترەمپ رایگەیاند، هیوادارە سعودیە هەنگاو بەرەوە ئاساییكردنەوەی پەیوەیندیەكانی لەگەڵ ئیسرائیل بنێت.