زیلینسكی بە مەرجی كۆبوونەوەی راستەوخۆ لەگەڵ پوتن ئامادەیە بەشداری لە دانوستانەكانی ئیستەنبوڵ بكات بەڵام كرملن تاكو ئێستا راینەگەیاندووە نوێنەرانی روسیا كێ دەبێت.

ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكراین رایگەیاند، تەنها بە مەرجی ئامادەبوونی ڤلادیمێر پوتن سەرۆكی روسیا لە كۆبوونەوەكەی رۆژی پێنجشەممە لە ئیستەنبوڵ بەشداری دانوستانەكان دەكات، جەختیشی كردەوە هەموو هەوڵێك دەدات بۆ ئەوەی رووبەڕوو لەگەڵ پوتن كۆببنەوە و لەسەر كۆتاییهێنان بە شەڕ و راگەیاندنی ئاگربەست رێكبكەون، چونكە دەسەڵاتی رەهای جێبەجێكردن لای پوتنە.

ئەوەش لە كاتێدایە، دیمیتری پیسكۆف وتەبێژی كۆشكی سەرۆكایەتی روسیا-كرملن رەتی كردەوە پشتڕاستی بكاتەوە پوتن و سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوە بەشداری دانوستانەكانی ئیستەنبوڵ بكەن و لەو بارەیەوە ئاماژەی بەوەكرد، لە ئێستادا ناتوانێت وردەكارییەكان بخاتەروو و روسیا بەردەوامە لە ئەنجامدانی ئامادەكارییەكان بۆ كۆبوونەوەكە.

چەند سەرچاوەیەكیش بە میدیاكانی روسیایان راگەیاندووە، لە دانوستانەكانی ئیستەنبوڵدا نوێنەرانی تایبەتی ترەمپ ستیڤ ویتكۆف و كەیت كێڵۆگ  ئامادە دەبن و چاودێری بەڕێوەچوونی دەكەن.