ویکتۆف: ئەگەر لە دانوستنەکان لەگەڵ ئێران نەگەینە ئەنجام رێگەی دیکە دەگرینەبەر
محەمەد رزگار
٩ی ئایاری ٢٠٢٥
ئەمریکا جەخت لەوەدەکاتەوە کە رێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی، نوێنەری ترەمپیش دەڵێت: ئەگەر رۆژی یەکشەممە لە دانوستانەکان لەگەڵ تاران نەگەینە رێککەوتن رێگەی دیکە دەگرینەبەر.
ستیڤ ویکتۆف نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوڕاست رایگەیاند؛ رێگە نادەین ئێران ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی، هەروەها تاران جەختیکردوەتەوە کە نایەوێت کڵاوەی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت.
ویکتۆف وتیشی: ئیران هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە دەبێت مەجەکانی ئەمریکا قبوڵ بکات، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر رۆژی یەکشەممە دانوستانەکان بە ئەنجام نەگەن، ئەوا رێگەی دیکە دەگرینەبەر.
ئەوەشی خستەڕوو، ئێران دەبێت دامەزراوەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم هەڵبوەشێنێتەوە، ناشمانەوێت رێککەوتنی لاواز لەگەڵ ئێران ئەنجام بدەین.
جێگەی ئاماژەیە، بڕیارە رۆژی یەکشەممە داهاتوو، لە مەقسەتی پایتەختی عوممان گەڕی چوارهەمی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران بەڕێوەبچێت.