دوو لێپرسراوی ئەمریكی رایانگەیاند، ترەمپ لە سەردانەكەیدا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست راگەیەندراوێكی گەورە دەبێت،كە تایبەتە بە كەنداوی عەرەب.

دوو لێپرسراوی باڵای ئەمەریكا كە نەیانویست ناویان ئاشكرا بكرێت بە ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێسیان راگەیاندووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا بەنیازە لە سەردانەكەیدا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە رەسمی دەستەواژەی كەنداوەكانی عەرەبی لەلایەن وڵاتەكەیەوە پەسەندبكات و رایبگەیەنێت.

ئەم هەنگاوەی سەرۆكی ئەمریكا لە كاتێكدایە، كە پەیوەندییەكانی نێوان واشنتۆن و تاران بە ووتەی هەردوو وڵاتان پێشكەوتنی بەخۆیەوە بینیوە، دەكرێت ئەم جۆرە پەسەندكردنە لە لایەن ترەمپەوە جۆرێك لە گرژی لە نێوان ئەو دوو وڵاتە دروستبكاتەوە بەوپێیەوەی ئێران لە سەدەی 16وە بە شێوەیەكی بەرفراوان بە كەنداوی فارسی ناساندوە، هەرچەندە دەستەواژەی كەنداوی عەرەبی لە زۆرێك لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەكاردێت. 

بڕیارە هەفتەی داهاتوو، ترەمپ گەشتە ناوچەییەكەی دەستپێبكات، كە لە نێوان 13 بۆ 16ی ئایاردا دەبێت و  سعودیە و قەتەر و ئیمارات لەخۆدەگرێت.