گرژییەکانی نێوان هیندستان و پاکستان قوڵتر بوونەتەوە
هەساو ئەمیر
٧ی ئایاری ٢٠٢٥
ماوەی نزیکەی هەفتەیەکە گرژیی لەنێوان هیندستان و پاکستاندا دروست بووە و تاوەکو ئێستا لە کشمیر چەندین هێرشیان کردووەتە سەر یەکتر، لە دوایین هێرشی پاکستانیشدا حەوت کەس گیانیان لەدەستداوە و 35ی دیکە بریندار بوون.
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە هێزەکانی هیندستانەوە بە میدیاکانی راگەیاندووە، بەهۆی هێرشێکی پاکستانەوە بۆسەر بەشە هیندییەکەی کشمیر، حەوت کەس گیانیان لەدەستداوە و 35ی دیکە بریندار بوون، هەروەها سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەسەر خاکی هیندستان کەوتوونەتە خوارەوە، بەبێ ئەوەی هۆکاری کەوتنەخوارەوە و تێکشکانەکەیان بزانرێت.
لەبەرامبەریشدا، وتەبێژی سوپای پاکستان ئەوەی خستووەتە روو، بەهۆی هێرشەکانی هیندستانەوە لە شەش ناوچە، 26 کەس گیانیان لەدەستداوە کە سەرجەمیان کەسانی مەدەنەی بوون، هەروەها 46ی دیکە بریندار بوون.
ئەوەشی خستەروو، توانیویانە پێنج فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هیندی بخەنە خوارەوە.
ئەو شەڕەی ئێستا لەنێوان هیندستان و پاکستاندا سەری هەڵداوەتەوە جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە، کاریگەریی کردووەتە سەر نرخی زێڕ و بەهۆیەوە شەوی رابردوو نزیکەی 100 دۆلار چووە سەر نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ.
هیندستان و پاکستان لە ساڵی 1947ـەوە دوو جەنگیان لەسەر ناوچەی کشمیر ئەنجام داوە، کە لە ئێستادا هەر بەشێکی کشمیر لەژێر دەستی یەکێک لەو وڵاتانەدایە، بەڵام لەماوەی 20 ساڵی رابردوودا ئەم روداوانەی کۆتایی بە خراپترین شەڕ و پێکدادان لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا دادەنرێت.











