وەزیری دەرەوەی ئێران و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا بەتەلەفۆن قسەیانکرد
رەوەز
٥ی ئایاری ٢٠٢٥
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پەیوەندییە دوولایەنەکان و دواپێشهاتەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئێران کە ئەمڕۆ دووشەممە بڵاوکراوەتەوە، عراقچی دووپاتی کردۆتەوە کە ئێران ئامادەیە نیگەرانییەکانی پەیوەست بە بەرنامەی ئەتۆمی چارەسەر بکات و جەختی کردەوە "ئەگەر تاکە نیگەرانی لایەنی بەرانبەر بەدەستهێنانی بەرنامەی ئەتۆمی بێت، ئەوا دەکرێت ئەو نیگەرانییانە چارە بکرێن."
وەزیری دەرەوەی ئێران داوای کردووە پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا بەتایبەت بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی سیاسی و گفتوگۆی بونیادنەر بەردەوام بن.
لەلایەکی ترەوە، کایا کالاس لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی کە لەو پەیوەندییەدا پشتگیریی ئەوروپای بۆ چارەسەرێکی دیبلۆماسییانەی کێشەکان دووپات کردۆتەوە، بەڵام نیگەرانیشی دەربڕیوە سەبارەت بە دەستگیرکردنی هاووڵاتییانی ئەوروپی لە ئێران، دۆخی مافەکانی مرۆڤ و پشتگیریی سەربازیی ئێران بۆ روسیا.
کالاس دووپاتی کردۆتەوە کە "باشبوونی پەیوەندییەکانی ئەوروپا و ئێران پەیوەستە بە چەند پرسێکی جیاوازەوە."