جەواد زەریف: ئیسرائیل هەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر وڵاتانی عەرەبی
رەوەز
١ی ئایاری ٢٠٢٥
محەممەد جەواد زەریف، وەزیری پێشووی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، رایگەیاند کە ئیسرائیل بەبێ بوونی ئێرانیش هەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە.
بەپێی لێدوانەکانی زەریف، "وڵاتانی ناوچەکە هەوڵدەدەن ئاسایش بەدەست بهێنن، بەڵام ئەم هەنگاوە ئاسایشیان بۆ دابین ناکات".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئێران جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە "سەردەمی هاوپەیمانێتی هەمیشەیی بەسەرچووە و ئەمڕۆ کاتی هاوپەیمانێتی کاتییە".
زەریف هۆشداری دایە وڵاتانی ناوچەکە و وتی: "هیچ وڵاتێک لە ناوچەکە بۆی نییە هەڕەشە لە ئێران بکات بێئەوەی باجی هەڕەشەکردنەکەی بدات".
شایەنی باسە، ئەم لێدوانانەی زەریف لە کاتێکدا دێت کە ناوچەکە بارگرژییەکی بێوێنە بەخۆیەوە دەبینێت لە نێوان ئێران و هاوپەیمانەکانی لەلایەک و ئیسرائیل لەلایەکی دیکەوە، هەر ئەمڕۆش وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند: کە ئێران دەبێت باجی هاوپەیمانی و پشتگری حوسیەکان بدات.