بەرنامەی خۆراکی جیهانی: کۆگاکانی غەززە بەتاڵ بوون
رەوەز
١ی ئایاری ٢٠٢٥
لە دوا هەواڵەکانی پێوەند بە دۆخی مرۆیی غەززەوە، بەرنامەی خۆراکی جیهانی لە بەیاننامەیەکی رەسمیدا رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند کە هیچ خۆراکێکی نەماوە بۆ دابەشکردن لە کەرتەکەدا.
ئەم پەرەسەندنە مەترسیدارە لە کاتێکدایە کە لە دووی مارسەوە ئیسرائیل رێگری لە چوونە ناوەوەی خۆراک و دەرمان دەکات بۆ غەززە. نەتەوە یەکگرتووەکان ئاگاداری کردوەتەوە کە بارودۆخی مرۆیی لە غەززە "لە سنووری وێناکردن تێپەڕیوە".
د. تیدرۆس ئەدهانۆم گێبریسۆس، بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، رایگەیاند: "بارودۆخی کەرتی غەززە کارەساتبارە و دوو ملیۆن کەس لە کەرتەکە، لە برسێتیدا دەناڵێنن."
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە بارەگای رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە جنێف، بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوەکە وتی: "پاڵپشتی دارایی تەندروستی جیهانی روبەروی ئاستەنگی مێژوویی بوەتەوە بەهۆی کەمبوونەوەی بەشداری بەخشین لەلایەن چەند وڵاتێکەوە.
لە لایەکی دیکەوە، د. مونیر بەرش، بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی تەندروستی لە غەززە، رایگەیاند؛ دوای تێپەڕبوونی دوو مانگ بەسەر داخستنی دەروازەکان لە لایەن ئیسرائیلەوە ٪91ی فەلەستینیەکان لە کەرتی غەززە روبەروی قەیرانی خۆراک بوونەتەوە.
بەرش ئاماژەی بەوەدا کە ٪92ـی منداڵان و ژنانی شیردەر لە غەززە، بەهۆی گەمارۆی ئیسرائیلەوە لە کەمخۆراکیدا دەناڵێنن، ئەمەش هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ ژیان و گەشەکردنیان.
هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە ٪65ـی فەلەستینیەکانی کەرتی غەززە ئاوی پاکی خواردنەوەیان دەست ناکەوێت.
بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی تەندروستی لە غەززە داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە راگەیەندراوێکی فەرمی دەربکات سەبارەت بە بارودۆخی قاتوقڕی لە غەززە، چونکە داتا پزیشکی و مرۆییەکان پشتڕاستی دەکەنەوە کە مەرجە نێودەوڵەتیەکانی جینۆساید لە غەززە هەیە.
ئەمڕۆ 45 رۆژ تێدەپەڕێت بەسەر دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بۆسەر غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە.