قائیمقامییەتی سلێمانی رایگەیاند، لەپێناو پاراستنی کرێکاران و پێشێلنەکردنی مافەکانیان، حەوت شوێنمان داخستووە و هەزار و 104 شوێنیشمان ئاگادار کردووەتەوە، شوێنێکیشمان داوە بە دادگا.

ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لە رۆژی جیهانی کرێکاراندا رایگەیاند، لە رێگای لیژنەکانەوە بۆ سەلامەتی کرێکاران و لەبەر نەبوونی مەرجی سەلامەتی شوێنکارێکیان رووبەڕووی دادگا کردووەتەوە، هەروەها هەزار و 104 شوێنیشیان ئاگادارکردووەتەوە کە مەرجەکانی سەلامەتی جێبەجێ بکەن، ئەمە جگە لەوەی ٧ شوێنیشیان لەسەر پابەندنەبوون داخستووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەوڵەکانیان چڕتر دەکەنەوە بۆ پاراستنی گیانی کرێکاران، تاوەکو ژیانێکی شایستەیان هەبێت.

دەشڵێت، "لە سۆنگەی باوەڕبوونمان بە دادپەروەری کۆمەڵایەتی، بەردەوام بووین لە پشتیوانیکردن لە خەباتی مەدەنی و پیشەیی کرێکاران و داکۆکیکردن لە مافە رەواکانییان، لەبەرئەوەی چینی كرێكاران لە كوردستاندا، چینێکی سەرەکی کۆمەڵگە پێکدەهێنن و هەمیشە رۆڵێکی گرنگ و بەرچاویان هەبووە لە گەشە و ئاوەدانکردنەوە و بنیادنانی وڵاتەکەمان".

قائیمقامی سلێمانی روونیشیکردووەتەوە، لیژنەی سەلامەتی کرێکاران لە ساڵی 2018ـەوە کە دامەزراوە، هەشت هەزار و 181 سەردانیان ئەنجام داوە، کە ئامانج لێی ئەوەیە لەو رێگایەوە ئاستەنگ و مەترسییەکانی بەردەم کرێکاران کەمبکەنەوە، تاوەکو رێگری بکرێت لەو قوربانییە زۆرانەی دەستی کار، کە ساڵانە بەهۆی نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتییەوە روودەدەن.