لە ژمارەیەک وڵاتانی ئەوروپا بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکیەوە کارەبا پچڕا و زیاتر 50 ملیۆن کەس بێ کارەبا بوونە، حکومەتی ئیسپانیاش دەڵێت، لەهەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکەداین.

پێدرۆ سانچێز سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا، سەردانی ناوەندی کۆنترۆڵکردنی کۆمپانیای تۆڕی کارەبای ئیسپانیای کرد و رایگەیاند؛ دەبێت بە زوترین کات ئەو قەیرانە چارەسەربکرێت و هۆکارەکەشی بدۆزرێتەوە.

بەڕێوەبەری تۆڕی کارەبای ئیسپانیا مەزەندەی کردوە، گەڕاندنەوەی کارەبا 6 بۆ 10 کاتژمێری بوێت، ئەگەر هەموو کارەکان بەباشی بەڕێوەبچن.

هاوکات کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای پرتوگالی "ئی-رێدیس"، رایگەیاندووە، پچڕانی کارەبا لە ئەنجامی "کێشەیەکە لە سیستەمی کارەبای ئەوروپادا هەبووە".

لای خۆیەوە سەنتەری نیشتمانی ئاسایشی ئەلیکترۆنی پرتوگال ئاشکرایکرد، هیچ ئاماژەیەک نییە کە پچڕانەکە بەهۆی هێرشێکی ئەلیکترۆنیەوە بوبێت.

جێگەی ئاماژەیە بەهۆی پچڕانی کارەبا  لە ئیسپانیا و پورتوگال، کە پایتەختەکانی هەردوو وڵاتی گرتوەتەوە، تۆڕەکانی میترۆ و هێڵەکانی تەلەفۆن و ترافیک لایت و ئامێری ATMی پەکخستووە.