خولی سێهەمی دانوستانی نێوان ئێران و ئەمریكا لە مەسقەت بەڕێوەچوو
سەعید سەروەت
٢٦ی نیسانی ٢٠٢٥
خولی سێهەمی دانوستانی نێوان ئێران و ئەمریكا لە عومان بەڕێوەچوو و پرسی بەرنامە ئەتۆمییەكەی تاران وەك تەوەری سەرەكی تاوتوێ كرا.
تەلەفیزیۆنی رەسمی ئێران بڵاویكردوەوە، خولی سێهەمی دانوستانەكانی ئێران و ئەمریكا دوور لە چاوی كامێراكان و بەنێوەندگیریی عومان لە مەسقەتی پایتەخت بەڕێوەچوو و ماوەی 9 سەعاتی خایاندووە.
ئاماژەی بەوەشكرد، دانوستانەكە تەنها وابەستەی بەرنامەی ئەتۆمی بووە و هیچ باسێك لە سیستمی موشەكی ئێران نەكراوە.
لەبارەی دانوستانەكەی ئەم هەفتەیەوە، عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەەو كرد، گفتوگۆكانیان لەگەڵ ئەمریكا ئەرێنی و بنیاتنەر بووە، بەڵام ئێران بەوریاییەوە مامەڵە دەكات.
وتیشی، ئەگەر تاكە داواكاری ئەمریكا لە ئێران ئەوەیە كە نەبێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی، ئەوا مەحاڵ نییە و دەكرێت جێبەجێبكرێت.
لەبارەی خولی چوارهەمی دانوستانەكانی ئێران و ئەمریكاشەوە بەدر بوسەیدی وەزیری دەرەوەی عوممان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاویكردەوە، ئەگەری زۆرە دانوستانەكانی ئێران و ئەمریكا بەردەوامی هەبێت و 3 ی مانگی داهاتوو كۆبوونەوەیەك لە ئاستی باڵادا ئەنجام بدەن.
هاوكات لێپرسراوێكی باڵای ئەمریكا رایگەیاندوە، گفتوگۆكانی مسقەت ئەرێنی و بنیاتنەر بوون و لەگەڵ وەفدەكەی ئێرانیش رێكەوتوون خولی داهاتووی دانوستانەكان لە ئەوروپا بێت.