وردبینكردن لە لیستی موچەی مانگی چواری موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بەردەوامە و هیچ وادەیەك بۆ تەواوكردنی دیاری نەكراوە.

پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، وردبینیكردن لە لیستی موچەی مانگی چواری موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە بەغداد بەردەوامە، تائێستاش هیچ وادەیەك بۆ تەواوكردنی دیاری نەكراوە.

وتیشی، ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەكەن وەزیری دارایی عیراق وتبێتی هەرێم بڕێكی كەمی داهاتی نانەوتی رەوانە كردووە، دوورن لە راستییەوە، چونکە تەیف سامی وەزیری دارایی عیراق لە دەرەوەی وڵاتە و باسی لەو بابەتە نەكردووە.

ئەوەش لە كاتێكدایە 22ـی ئەم مانگە وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی موچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی رادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی عیراق كرد، هەمان رۆژیش بڕی 48 ملیار و 205 ملیۆن و 765 هەزار دیناری لە بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێم بۆ مانگی ئادار، بەشێوەی كاش خستەسەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی عیراق.