کۆنفڕانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی کوردی لە ڕۆژئاوای کوردستان کە لە 26ـی نیسانی 2025 لە شاری قامیشلۆ بەسترا، کۆتایی بە کارەکانی هێنا و ئەنجامەکەی لەلایەن موحەمەد ئیسماعیل و فەوزا یوسف خوێندرایەوە.

بەپێی ئەنجامنامەکە، کۆنفڕانسەکە بە بەشداری پارتە کوردییەکان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بزووتنەوەی ژنان، رێکخراوەکانی ژنان و چالاکوانانی سەربەخۆی کۆمەڵگەی کوردی لە ناوچە جیاوازەکانی کوردی لە سوریا بەسترا.

ئامانجی کۆنفڕانسەکە، گەیشتنبو بە دیدگایەکی یەکگرتووی کوردی بۆ بنیاتنانی سوریایەکی نوێ و بەشداریکردن لە دیاریکردنی داهاتووی وڵات و چارەسەرکردنی پرسی کورد لەم قۆناغە گرنگەی مێژووی سوریادا، بە تایبەتی دوای قوخانی رژێمی دیکتاتۆری شام لە8ـی کانوونی یەکەمی 2024، کە ئازادی و کەرامەتی گەلی سوریای بە هەموو پێکهاتە نەتەوەیی، ئایینی و کۆمەڵایەتییەکانی پێشێل کردبوو.

بەشداربووان دیدگای هاوبەشی کوردییان لە کۆنفڕانسەکەدا تاوتوێکرد، وەک نزیکبوونەوەیەکی راستەقینە بۆ چارەسەرێکی دادپەروەرانە و فراوان بۆ کێشەی کورد لە چوارچێوەی سوریایەکی یەکگرتوودا، بە ناسنامەی فرە-ئەتنیکی، فرە-ئایینی، فرە-کولتووری و فرە-نەتەوەیی، کە دەستورەکەی مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد گەرەنتی دەکات.

کۆنفڕانس داوا دەکات ئەم دیدگاو پرەنسیپە هاوبەشانەی کورد پەسەند بکرێت، وەک بنەمایەک بۆ دیالۆگی نەتەوەیی، چ لە نێوان هێزە سیاسییە کوردییەکان خۆیاندا بێت، چ لە نێوان ئەوان و بەڕێوەبەرایەتی نوێی شام و هەموو هێزە نەتەوەییەکانی تری سوریادا بێت.

لە کۆتاییدا، کۆنفڕانسەکە بڕیاری دا کە لە کاتێکی نزیکدا وەفدێکی هاوبەشی کوردی پێک بهێنرێت بۆ کارکردن لەسەر بنەمای جێبەجێکردنی ئەم دیدگایە و گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ گەیشتن بە ناوەرۆکەکەی.

 لەمراگەیەندراوی کۆتاییدا کۆمەڵێک خاڵی گرنگ خراونەتەڕوو کە دەکرێت بەم شێوەیە پوختە بکرێن:

- دەستووری داهاتووی سوریا دەبێت مافەکانی هەموو پێکهاتەکانی سوریا مسۆگەر بکات.

- دەوڵەتی سوریا پابەند دەبێت بە پەیمان و بەڵێننامە نێودەوڵەتییەکان، مافەکانی مرۆڤ و بنەمای هاووڵاتیبوونی یەکسان.

- سیستەمی حوکمڕانی لە سوریا دەبێت سیستەمێکی پەرلەمانی بێت کە لەسەر فرەیی سیاسی، دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان دامەزرابێت.

- سوریا دەوڵەتێکی نا-ناوەندی دەبێت کە دابەشکردنی دادپەروەرانەی دەسەڵات و سامان لە نێوان ناوەند و پەراوێزەکان مسۆگەر دەکات.

- ناوی دەوڵەت، ئاڵا و سرودی نیشتمانی دەبێت گوزارشت لە فرەیی نەتەوەیی و کولتووریی کۆمەڵگای سوریا بکات.

- دەوڵەت بێلایەن دەبێت بەرامبەر بە ئایین و بیروباوەڕەکان و مافی ئەنجامدانی رێوڕەسمە ئایینییەکان دەپارێزێت.

- دانپێدانان بە ئایینی ئێزیدی وەک ئایینێکی فەرمی لە دەوڵەتدا.

- پەیڕەوکردنی ناسنامەیەکی نیشتمانیی گشتگیر کە تایبەتمەندییەکانی پێکهاتە جیاوازەکان رەچاو دەکات.

- مسۆگەرکردنی یەکسانی دەستوری لە نێوان پیاو و ژن و نوێنەرایەتی ژنان لە هەموو دامەزراوەکاندا.

ئەم خاڵانە پێداگرییەکی بەهێزن لەسەر گرنگی بنیاتنانی سیستەمێکی دیموکراتی فرەنەتەوەیی و بەشداریپێکردن لە سوریای داهاتوودا کە مافەکانی هەموو پێکهاتەکان و بەتایبەت گەلی کورد لەبەرچاو بگیرێت تیایدا.