هەردوو سەرۆكی ئەمریكا و ئۆكراین لە كاتی بەڕێوەچوونی پرسەی پاپا فڕەنسیس لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا كۆبوونەوە، زیلینسکیش دەڵێت: ئاگربەستێکی تەواو و بێ مەرج و جێگەی متمانەمان دەوێت کە ژیانی گەلەکەمان بپارێزێت.

 

ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند، لە دیدارەکەیدا لە ڤاتیکان لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کە 15 خولەکی خایاند، توانیمان زۆر بابەت تاوتوێ بکەین، گفتوگۆمان لەسەر کۆتایی هێنان بە شەڕی ئۆکراین لەگەڵ روسیا کرد بۆ ئەوەی ئاشتی هەمیشەیی بەدیبهێنرێت.

 

زیلینسکی وتیشی؛ ئەو بابەتانەی لە کۆبوونەوەکەدا باسکراون بریتی بوون لە پاراستنی ژیانی گەلەکەمان، گەیشتن بە ئاگربەستێکی تەواو و بێ مەرج، و دامەزراندنی ئاشتییەکی جێی متمانە و بەردەوام کە رێگری لە دووبارەبوونەوەی شەڕ بکات.

 

زیلینسکی لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو: کۆبوونەوەیەکی زۆر رەمزی بوو، ئەگەر بتوانین ئەنجامێکی هاوبەش بەدەست بهێنین، ببێتە روداوێکی مێژوویی. لە کۆتاییدا سوپاس بۆ تۆ سەرۆک دۆناڵد ترەمپ!

 

ئەمڕۆ دەیان سەرۆکی دەوڵەت و حکومەت و لێپرسراوی باڵا بە مەبەستی بەشداریکردن لە پرسەی پاپا فرانسیس رویان لە رۆما کرد، ئەمەش رێگەی خۆشکرد بۆ چەندین کۆبوونەوەی دیپلۆماسی.