دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند کە روسیا "سازشێکی گەورە و گرنگی" پێشکەش کردووە بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی ئۆکراین، ئەویش بە وەستاندنی هەوڵەکانی بۆ داگیرکردنی تەواوی خاکی ئەو وڵاتە.

ترەمپ جەختی کردەوە: "روسیا لەمپەر نییە لە بەردەم رێککەوتنی ئاگربەست لە ئۆکراین"، هەروەها ئاماژەی بەوەکرد کە چاوەڕوان دەکات مۆسکۆ و کیێڤ و برۆکسل مەرجەکانی چارەسەرکردنی قەیرانی ئۆکراین پەسەند بکەن.

لە میانەی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی نەرویج لە کۆشکی سپی، سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی کە ئایا روسیا و ئۆکراین و ئەوروپا مەرجەکانی رێککەوتنەکە قبوڵ دەکەن، وتی: "من پێم وایە بەڵێ. پێم وایە ئەوان ئەوە دەکەن. بڕوام وایە بەم زووانە ئێمە ئەم پرسە کۆتایی پێ دەهێنین."

ترەمپ هەروەها دووپاتی کردەوە کە "بۆ کیێڤ زەحمەت دەبێت نیمچەدوورگەی قەرەم بگەڕێنێتەوە" کە بەبێ تەقاندنی تەنها یەک گوللەش رادەستی روسیا کراوە.