پەیوەندییەکانی هیندستان و پاکستان بەرەو کوێ...؟
رەوەز
٢٤ی نیسانی ٢٠٢٥
وەزارەتی دەرەوەی هیندستان دوابەدوای ئەو هێرشە چەکداریەی کە تیایدا 26 هاووڵاتی کوژرا، دەسەڵاتدارانی پاکستانی تۆمەتبارکرد بە ئەنجامدانی هێرشەکە و رایگەیاند: داوا لە هەموو پاکستانیەکانی نیشتەجێی ناو وڵاتەکەمان دەکەین تا 29ـی مانگ، وڵاتەکە جێبهێڵن.
دوێنێ سێشەممە، بەهۆی هێرشێکەوە بۆسەر گەشتیاران لە کشمیری ژێر دەسەڵاتی هیندستان، جارێکی دیکە هەردوو وڵاتی هیندستان و پاکستان گرژی کەوتەوە نێوانیان و لە نوێترین کاردانەوەشیاندا بەرانبەر یەک، پەیوەندییە دبلۆماسیەکانیان بۆ نزمترین ئاست دابەزاند و سەرەکیترین خاڵە سنورییەکانیان بە روی یەکدا داخست و ڤیزایان بۆ هاووڵاتیانی یەکترهەڵوەشاندەوە.
دەسەڵاتدارانی پاکستان، نکوڵیان لەوە کردووە کە لە پشت هێرشەکەی سێشەممەوە بووبێتن کە تێیدا 26 کەس کوژران و وەزارەتی دەرەوەی هیندستانیش دەڵێت: چەکدارانی سەر بە پاکستان هێرشەکەیان ئەنجامداوە.
مێژووی ناکۆکیەکانی نێوان هیندستان و پاکستان؟
پەیوەندی نێوان هیندستان و پاکستان لەسەر ململانێ، دیبلۆماسیەکی توند و گومانی زۆر لەیەکتری داڕێژراوە، بەتایبەتی داواکاریان لەسەر ناوچەی کشمیر و دواهەمین هێرشی چەکداری کە تێیدا 26کەس بوونە قوربانی و تاوانبارکردنی پاکستان لەلایەن دەسەڵآتدارانی هیندستانەوە ئەوەندەی تر گرژییەکانی زیاترکرد.
چەکدارانی کشمیر بۆ دەیان ساڵە بەرەنگاری نیو دەهلی دەبنەوە، زۆربەی موسڵمانانی کشمیر پشتگیری لە ئامانجی یاخیبووان دەکەن بۆ یەکگرتنەوەی ناوچەکە لەگەڵ پاکستان، یان بوونی بە هەرێمێکی سەربەخۆ،
لە وەڵامدا دەسەڵاتدارانی هیندستان پاکستان تۆمەتبار دەکات بە دروستکردن و هاندانی هاووڵاتیان بۆ توندوتیژی، تۆمەتێک کە ئیسلام ئاباد ڕەتی دەکاتەوە و تیایدا دەیان هەزار هاووڵاتی یاخیبوو و هێزی حکومی لە ماوەی چەندین ساڵدا کوژراون.
پاکستان چۆن بەرەنگاری هەڕەشەکانی هیندستان دەبێتەوە؟
رۆژی سێشەممە، لە پاش هێرشەکە راستەوخۆ دەسەڵاتدارانی نیو دەهلی پاکستانیان تۆمەتبارکرد و گرتنەبەری چەند رێوشوێنێکیان راگەیاند، لە هەمووشی توند تر، هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی ئاوی نێوانیانە، کە ساڵانێکە لە نێوان هەردولادا ئەنجامدراوە.
پاکستان کردارەکانی هیندستانی بە "نابەرپرسیارانە" وەسف کرد و ڤیزای هاوڵاتیانی هیندی هەڵوەشاندەوە، هەموو بازرگانیەکانی لەگەڵ هیندستان راگرت - تەنانەت لە رێگەی وڵاتانی سێیەمیشەوە - و گەشتە ئاسمانیەکانی خۆشی بە روی فڕۆکە هیندییەکاندا داخست.
پاکستان ڕۆژی پێنجشەممە هۆشداریدا کە هەر هەوڵێکی هیند بۆ راگرتن یان لادانی جۆگە ئاویەکانی نێوانیان، بە "کردەیەکی جەنگی" دادەنرێت.
رێككەوتنی ئاوی سندوس، کە لە ساڵی 1960 لەلایەن بانکی جیهانییەوە نێوەندگیری کرا، رێگە دەدات بە هاوبەشیکردنی سیستەمی ئاوی روبار کە لەنێوان هەردوو وڵاتدایە و بەهێڵی ژیان ناو دەبرێت، تایبەت بۆ کشتوکاڵی پاکستان. رێککەوتنەکە دوو شەڕی نێوان ساڵانی 1965 و 1971، و پێکدادانێکی گەورەی سنووری لە ساڵی 1999 بینیوە و ئەمە یەکەمجارە باس لە هەڵوەشاندنەوەی دەکات.
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، هیندستان کۆنترۆڵی روبارە رۆژهەڵاتییەکانی ڕاڤی، سوتلەج و بیاس دەکات، و پاکستانیش کۆنترۆڵی روبارە رۆژئاواییەکانی جیلوم، چیناب و سندوس دەکات کە بە ناوچەی کشمیردا تێدەپەڕن.
هێرشە بەردەوامەکانی چەکداران هەوڵەکانی ئاشتی لەباردەبەن:
سەرەڕای ئاڵۆزەییەکانی نێوانیان، دراوسێکان ناوبەناو هەوڵیان داوە بۆ ئاشتی. بەڵام، گرژییە بەردەوامەکانی سنوورەکان و هێرشی چەکداری لە کەشمیر و هیندستان هەوڵەکانی ئاشتی شێواندووە چونکە دەڵهی نوێ سیاسەتێکی توندی بەرامبەر ئیسلام ئاباد گرتووەتە بەر و تۆمەتی "تیرۆریزم"ی دەخاتە پاڵ.
لە ساڵی 1999، ئەو یاخیبوانەی کە لەلایەن سەربازانی پاکستانەوە پشتگیریدەکران هێرشیانکردە سەر بنکە سەربازییەکانی هیند لە بەرزاییە سەهۆڵاوییەکانی ناوچەی کارگیل. هێزەکانی هیندستان بەرپەرچیان دانەوە و لە پاش ململانێیەکی 10هەفتەیی کە بووە هۆی کوژرانی لانیکەم 1000 شەڕکەری هەردوولا. شەڕەکە بە دەست تێوەردانی ئەمریکا دوای راگیرا.
لە ساڵی 2008، کۆمەڵێک گروپی چەکداری لەشکەری "تەیبە" کە بنکەیان لە پاکستانە، هێرشێکیان ئەنجامدا بۆ مومبای هیندستان و بووە هۆی کوشتنی 166 کەس. هەر دوای هێرشەکە "دەسەڵاتدارانی هیندستان" دەزگای هەواڵگری پاکستانی بە هێرشەکە تۆمەتبارکرد و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەش رەتیانکردەوە کە دەستیان لەو هێرشەدا هەبێت.
لە ساڵی 2019، تەقینەوەیەکی خۆکوژی لە کشمیر، کوژرانی 40 سەربازی هیندی لێکەوتەوە و جارێکیتر پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتەکەی بردەوە بۆ خاڵی سفر و لە وەڵامدا هیندستان هێرشی کردە سەر کەمپێکی راهێنانی چەکداران لەناو پاکستان. پاکستانیش بە هێرشی ئاسمانی وەڵامی دایەوە، فڕۆکەیەکی سەربازی هیندی خستە خوارەوە و فڕۆکەوانێکی هیندی دەستگیر کرد، کە دواتر ئازاد کرا.
چەند مانگ دوای ئەو روداوە، حکومەتی نارێندرا مۆدی، سەرۆک وەزیرانی هیندستان، نیمچە-خۆبەڕێوەبەری کشمیری هەڵوەشاندەوە و چەندین رێوشوێنی ئەمنی توندی لەو ناوچەیە گرتە بەر. لەو کاتەوە، هیندستان ئارامی لە هەرێمەکەدا پاراستووە بە هێزێکی ئەمنی گەورە و بە توندی کۆتوبەندی خستووەتە سەر هەر ناڕەزایەتیەک و میدیاکانی نێوی.
ترس لە شەڕی ناوخۆ:
هیندستان و پاکستان لە ماوەی ساڵانی رابردودا لە روی سوپا و چەکەوە پەرەیان بەخۆ داوە هەردولا لە ڕوی چەک و سوپاوە تا دێت زیاتر بەرەوپێش دەچن، ئێستا پرسیار و ئەگەرەکان بەو ئاڕاستەیەدا دەڕۆن، کە ئایا چی رودەدات؟ هیندستان لە وەڵامدا هێرشدەکات و پاکستان وەڵامدەداتەوە و جیهان دەبێت بە بینەری گەڕێکیتری جەنگەکانی نێوانیان، یاخود وەک ساڵانی پێشو، بە نێوەندگیری وڵاتان دەگەنەوە رێککەوتن و چارەسەرێک دەدۆزنەوە.