ئەمریكا ژمارەیەك سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند و كەرتی وزەی ئەو وڵاتەی كردووەتە ئامانج.

 

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا رایگەیاند، ژمارەیەك سزای نوێیان بەسەر سەید ئەسەدوڵا ئیمام جومعە گەورە بازرگانی ئێران و تۆڕی كۆمپانیاكانیدا سەپاندووە كە بەرپرسیارن لە گواستنەوەی غازی سروشتی و نەوتی خاوی ئێران بۆ دەرەوە و بەهاكەشی سەدان ملیۆن دۆلارە.

 

ئاماژەی بەوەشكرد، غازی شل و نەوتی خاو سەرچاوەیەكی سەرەكی داهاتی ئێران پێكدەهێنن و بەشدارن لە دابینكردنی بودجەی پەرەپێدان بە بەرنامەی ئەتۆمی و چەكی پێشكەوتووی ئێران.

 

سزا نوێیەكانی ئەمریكاش لەكاتێكدان كە لە ماوەی رابردوودا ئێران و ئەمریكا دوو خولی گفتوگۆیان لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی تاران ئەنجامداوە.