پوتن یاسای پەسەندكردنی رێككەوتننامەی هاوبەشیی نێوان ئێران و روسیای ئیمزاكرد
٢١ی نیسانی ٢٠٢٥
سەرۆكی روسیا یاسای پەسەندكردنی رێككەوتننامەی هاوبەشیی نێوان ئێران و روسیای بۆ پتەوكردنی پەیوەندییە ئابووری و سیاسی و سەربازییەكان ئیمزاكرد.
میدیاكانی روسیا رایانگەیاند، ڤلادیمێر پوتن سەرۆكی روسیا بە رەسمی یاسای پەسەندكردنی رێككەوتننامەی هاوبەشیی نێوان ئێران و روسیای ئیمزا كرد، كە ئامانج لێیان بەهێزكردنی پەیوەندییە سیاسی، ئابووری و سەربازییەكانی نێوان هەردوولایە.
ئیمزاكردنەكە لە كاتێكدایە، رۆژی 8ی نیسان ئەنجومەنی دۆمای روسیا ئەو رێككەوتننامە ستراتیجییەی نێوان تاران و مۆسكۆی پەسەند كرد. لەو بارەیەشەوە، ئەندرێ رۆدینكۆ،جێگیری وەزیری دەرەوەی روسیا لە بەردەم ئەنجوومەنی دۆمادا رایگەیاند، رێكکەوتنەكە بە واتای پێكهێنانی هاوپەیمانیی سەربازیی لەگەڵ ئێران نایەت و گوزارشتیش لە هاریكاریی سەربازیی ئاڵۆگۆڕكراو ناكات.
رێككەوتننامەكە بۆ ماوەی 20 ساڵە و بە ئیمزاكردنی لەلایەن پوتنەوە شێوەیەكی یاسایی وەردەگرێت و لە چوارچێوەی ئەو ئالنگارییە سیاسییانەدا دێت كە ئێران و روسیا بە هاوبەشی رووبەڕویان دەبنەوە.