سبەینێ عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی چین دەكات
لاڤە
٢١ی نیسانی ٢٠٢٥
بەر لە بەڕێوەچوونی خولی سێهەمی دانوستانەكانی ئێران و ئەمریكا، سبەینێ عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی چین دەكات.
ئیسماعیل بەقائی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، سبەینێ عراقچی سەردانی چین دەكات، ئەوەش بەر لە سێهەم خولی دانوستانەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا، كە بڕیارە شەممەی داهاتوو لە عوممان بەڕێوەبچێت.
وەزارەتی دەرەوەی چینیش رایگەیاندووە، پەكین و تاران لە سەرجەم ئاستەكان و بوارە جیاوازەكاندا پەیوەندییان هەیە.
عراقچی رۆژی پێنجەشەممە سەردانی مۆسكۆی پایتەختی روسیای كرد و رایگەیاند، تاران هەمیشە دانوستان لەگەڵ وڵاتانی دۆستی وەك روسیا و چین دەكات لە بارەی پرسی ئەتۆمی و نامەیەكی عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێرانیشی رادەستی ڤلادمیر پوتن سەرۆكی روسیا كردووە.
تائێستا ئێران و ئەمریكا لە 12 و 19ی ئەم مانگەدا دوو خولی دانوستانیان لە عوممان و رۆما لەبارەی دۆسێی ئەتۆمی تاران ئەنجامداوە، دانوستانەكانیش بە بنیاتنەر وەسفكراون.