ئێران سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی داوا لە روسیا دەکات رۆڵی هەبێت لە رێککەوتنی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا
محەمەد رزگار
١٨ی نیسانی ٢٠٢٥
وەزیری دەرەوەی ئێران رایدەگەیەنێت؛ تاران و واشنتۆن ئەگەری هەیە لەسەر پرسی بەرنامەی ئەتۆمیی رێککبکەون، داواش دەکات روسیا رۆڵی هەبێت لەو رێککەوتنەدا.
ئەمرۆ عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە مۆسکۆ لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ هاوتا روسیەکەی کۆبوەوە و رایگەیاند، لە خوولی یەکەمی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا کە لە عوممان بەڕێوەچوو، بەرەوپێشچوونی باش هەبووە لەنێوان هەردوولادا، چاوەڕوانیش دەکەین سبەینێ خوولی دووەمی دانوستانەکان زیاتر بەرەوپێش بچێت و نزیک ببینەوە لە رێککەوتن سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی.
لە بەرانبەریشدا وەزیری دەرەوەی روسیا ئامادەیی وڵاتەکەی نیشاندا بۆ ئەوەی رۆڵی هەبێت لە گەیشتن بە رێککەوتن لە چوارچێوەی پەیمانی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی.
جێگەی ئاماژەیە بڕیارە سبەینێ خولی دووەمی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوەبچێت.