سەرۆکی ئەمەریکا: لە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران پەلەم نییە
رەوەز
١٧ی نیسانی ٢٠٢٥
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاندووە کە لە ئەنجامدانی کردەی سەربازی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران پەلەی نییە و جەختی کردووەتەوە کە بژاردەی یەکەمی دانوستانە.
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، ترەمپ بەرپرسانی ئیسرائیلی ئاگەدار کردووەتەوە کە پشتیوانی هیچ کردەیەکی سەربازی و هێرشێک بۆ سەر ئێران یان دامەرزاوە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە ناکات و راشیگەیاندووە لەم قۆناغەدا وازی لەم بژاردەیە هێناوە.
رۆژنامەکە ئەوەشی خستووەتەروو کە ترەمپ بڕوای وایە ئێران دەرفەتێکی باشی لە بەردەمە بۆ ئەوەی ببێتە وڵاتێکی گرنگ و کاریگەر، هەر بۆیە لەم قۆناغەدا دانوستان بژاردەی یەکەمی سەرۆکی ئەمەریکایە.
لە لێدوانەکانیدا بۆ بەرپرسانی ئیسرائیلی، ترەمپ وتوویەتی: "دانوستان بژاردەی یەکەمی منە، چونکە بژاردەی دووەم بۆ ئێران زۆر خراپە، بۆیە پێم وایە ئێران مەبەستی دانوستانە و بەهیوام دانوستان بکەن".
راپۆرتەکەی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە کاتێکدایە کە بڕیارە شەممەی داهاتوو گەڕی دووەمی دانوستانەکانی ئێران و ئەمەریکا بە ئامادەبوونی رافائیل گروسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوە بچێت، دوای ئەوەی گەڕی یەکەم شەممەی رابردوو لە مەسقەت بەڕێوە چوو.