یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بە خەیاڵی ریمۆنتادا میوانداری یانەی ئەرسیناڵی ئینگلیزی دەکات کە لە یاری چوندا لە یاریگای ئەرسیناڵ ئەنجامەکە سێ گۆڵی بێ بەرانبەر بوو بۆ یانە ئینگلیزیەکە.

 

ریمۆنتادا چییە؟

'ریمۆنتادا' لە بنەرەتدا وشەیەکی ئیسپانییە و بە مانای گەڕانەوە دێت، واتە تیمێک کە بەرەو شکست دەڕوات و کەمترین هیوای ماوە بۆ بردنەوە، بەڵام لەناکاو ئەنجامەکە پێچەوانەکە دەکاتەوە و بە سەرکەوتن کۆتایی پێ دەهێنێت، ئەم دەستەواژەیە لە دوو دەیەی رابردوودا زیاتر بەکاردێت، لە ساڵانی رابردوشدا بە تایبەت لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپادا چەندین ریمۆنتادا ئەنجام دراوە.

 

ریاڵ مەدرید دەیەوێت ریمۆنتادا بکات

ئەمشەو سەعات 10، لە یاری دووەمی قۆناغی چارەکی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپادا، یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی میوانداری یانەی ئەرسیناڵی ئینگلیزی دەکات، یانەکەی پایتەختی ئیسپانیا دوای ئەوەی لە یاری یەکەمدا بە سێ گۆڵی بێ بەرانبەر شکستی هێنا، هەموو ئامادەکارییەکی بۆ تۆڵەکردنەوە کردوە.

 

یاری یەکەم لە رۆژی 8ـی 4ـی 2025 لە یاریگەی ئیماراتی تایبەت بە یانەی ئەرسیناڵ بەڕێوەچوو، تێیدا ریاڵ مەرید شۆک کرا و بە سێ گۆڵی بێ بەرانبەر گەڕایەوە مەدرید، بەڵام رۆژنامەکانی مەدرید دەڵێن ''جاری کۆتایی نەهاتووە''.

 

ریاڵ مەدرید چۆن سەردەکەوێت؟

یانەی ریاڵ مەدرید بۆ گەشتن بە قۆناغی پێش کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا پێویستە بە جیاوازی چوار گۆڵ لە ئەرسیناڵ بباتەوە، گەر جیاوازیشیان سێ گۆڵ یاریەکە بە لیدانی یەکلاکەرەوە کۆتایی پێدێت و یانەی سەرکەوتوو ئاشکرا دەبێت.

 

ریاڵ مەدرید و سانتیاگۆ

یانەی ریاڵ مەدرید لە ساڵانی رابدوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپادا چەندین جار سودی لە یاریگەی خۆی بینیوە و ریمۆنتادای بەرانبەر یانە بەهێزەکان ئەنجامداوە وەک 'مان سیتی و بایرن میونشن'، یانەکەی پایتەختی ئیسپانیا دەیەوێت ئەمجارە تۆڵەی خۆی لە ئەرسیناڵ بکاتەوە، بەڵام بە سەیرکردنی ئەنجامەکان، ئەرکی لە هەموو ساڵەکانی پێشتر قورسترە.

 

ئەرسیناڵ چی دەکات؟

یانەی ئەرسیناڵ دوای ئەوەی لە یاریگەی خۆیدا بە ئەنجامی سێ گۆڵی بێ بەرانبەر براوەبوو، بە دەرونێکی ئارام دەگاتە سانتیاگۆ بێرنابیۆ، یانەکەی پایتەختی ئینگلتەرا چاوەڕێی یاریەکی ئاسان ناکات، ئەمەش بە سەیرکردنی مێژوو و ئەزمونی ریاڵ مەدرید لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپادا.

 

ریاڵ 15 و ئەرسیناڵ سفر

یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی خاوەنی 15 نازناوی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپایە کە زۆرترینە، هەروەها یانەی ئەرسیناڵ خاوەنی هیچ نازناوی خولەکە نییە، چاوەڕوان دەکرێت یاری ئەمشەو زۆر بەهێز بێت، یانەی ریاڵ مەدریدیش لە هەژماری خۆی دەڵێت، "90 خولەک لە سانتیاگۆ زۆر قورس تێدەپەڕێت".