وەزیری دەرەوەی توركیا: لەگەڵ ئیسرائیل لەبارەی سوریاوە دانوستان دەكەین
ئاکام
١٠ی نیسانی ٢٠٢٥
وەزیری دەرەوەی توركیا ڕایگەیاند، وڵاتەكەی دانوستان لەگەڵ ئیسرائیل دەكات بۆ كەمكردنەوەی گرژییەكان و خۆبەدورگرتن لە پێكدادان لە سوریا.
هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا بە كەناڵی سی ئێن ئێن توركی رایگەیاند، وڵاتەكەی دانوستانی تەكنیكی لەگەڵ ئیسرائیلدا دەكات بۆ كەمكردنەوەی گرژییەكانی سوریا و بەنیاز نین بچنە ناو ململانێ لەگەڵ هیچ وڵاتێك لە سوریا بە تایبەت ئیسرائیل.
وتیشی، زۆر گرنگە رێگە بدەن سوریا سیاسەتی بەرگری، سیاسەتی دەرەوە و كاروباری ناوچەیی خۆی دابڕێژێت و لە دۆخێكی وەهادا قبوڵ ناكرێت ئیسرائیل هەوڵی وروژاندن و ئاڵۆزی بدات لەو وڵاتەدا.
دەشڵێت، ئۆپەراسیۆنەكانی ئێستای ئیسرائیل خزمەت بە ئاسایشی سوریا و ئیسرائیل ناكەن و ئەگەر ئەو كارە درێژە بكێشێت دەبێتە هۆی ناسەقامگیری زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و توركیا هەوڵ دەدات رەوشی سوریا ئاڵۆز نەبێت و رێگەی دیبلۆماسی دەگرێتەبەر.