دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دوای زیادکردنی باج و پێناسی گومرگی لەسەر کاڵاوشمەکە هاوردەکراوەکان بۆ وڵاتەکەی و کاردانەوەکانی لەسەر بازاڕەکانی جیهان، داوای لە خەڵک کرد "ئارام" بمێننەوە و دڵنیای کردنەوە کە "هەموو شتێک باش دەبێت".

ترەمپ لە پلاتفۆرمی سۆشیال میدیای خۆی بەناوی "Truth Social" نوسیویەتی: "ئارام بمێننەوە! هەموو شتێک بەباشی بەڕێوەدەچێت". هەروەها دڵنیاشی کردوونەتەوە کە وڵاتەکەی لە هەموو کاتێک باشتر و گەورەتر دەبێت.

هەفتەی رابردو، ترەمپ رایگەیاند بەئامانجی نەهێشتنی کورتهێنانی کەرتی بازرگانی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا، باج دەخاتە سەر کاڵاوشمەکی هاوردەکراوەکانی وڵاتانی جیهان، بەمەش گرنگی بە بەرهەمە ناوخۆییەکان دەدات.

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بۆ ئەوەش کردبوو، ئەو سەردەمە کۆتایی پێدەهێنێت کە وڵاتانی جیهان بە هاوپەیمان، نەیار و تەنانەت دوژمنەکانی ئەمەریکاش سوود لە ئابوورییەکەی وەربگرن.

لەبەرامبەریشدا، ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی دەرەوەی چین بڵاوی کردەوە، رێژەی سەپاندنی باجی لەسەر کاڵاوشمەکە ئەمەریکییەکانی لە ٪34ـەوە بۆ ٪84 بەرز کردووەتەوە. هاوکات، یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند: بە ڕێژەی ٪25باجی خستوەتە سەر کاڵاوشمەکی هەناردەکراوەکانی ئەمەریکا بۆ ئەوروپا.

هەر لەوەڵامی باجەکانی چیندا، ترەمپ بە ٪125 وەڵامی باجەکانی دایەوە.