چین باجەکانی لەسەر کەلوپەلی ئەمریکی زیاد دەکات و کۆمپانیاکانی دەخاتە لیستی رەشەوە
رەوەز
٩ی نیسانی ٢٠٢٥
چین لە وەڵامدانەوەی توندی باجە گومرگییەکانی ئەمریکا، بڕیاری دا باجی گومرگی بەسەر کەلوپەلی ئەمەریکا زیاد بکات و ژمارەیەک کۆمپانیای ئەمریکی بخاتە لیستی ڕەشەوە، ئەمەش نیشانەی قووڵبوونەوەی شەڕی بازرگانی نێوان هەردوو زلهێزەکەیە.
بە پێی راگەیاندنی وەزارەتی بازرگانی چین کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوکرایەوە، لە سبەینێ پێنجشەممە وە، رێژەی باجی گومرگی بەسەر کەلوپەلی ئەمرریکا لە ٪34ـەوە بەرز دەبێتەوە بۆ ٪84
هاوکات، وەزارەتی بازرگانی چین رایگەیاند کە شەش کۆمپانیای ئەمریکیی خستوەتە نێو لیستی رەشەوە و 12 کۆمپانیای دیکەشی خستوەتە ژێر چاودێریی حکومەتەوە.
لە بەرامبەردا، سکۆت باسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، هۆشداری دایە چین و گوتی: "چین لەو بڕیارە پەشیمان دەبێتەوە و خۆی زەرەمەندی یەکەمە تیایدا، ئەوان پێنج هێندەی ئێمە کەلوپەل هەناردەی ئەمەریکا دەکەن."
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا وتی: "بەداخەوەم بۆ ئەوەی چین پەرەسەندنی کێشەکانی بەسەر گفتوگۆکردندا هەڵبژارد، ئەمەش هیچ نییە بێ لە پێشێلکاریی کردن لە سیستەمی بازرگانیی جیهان."
سەبارەت بە ئەگەری دەرکردنی پشکەکانی چین لە بۆرسەی ئەمریکا، باسێنت گوتی: "هەموو شتێک ئەگەری ڕوودانی هەیە، بڕیارەکەش بە دەست دۆناڵد ترەمپە و ئەم بابەتەش گفتوگۆی لە بارەیەوە دەکرێت."
شایانی باسە، هەر ئەمڕۆ چین سکاڵایەکی نوێی لەسەر ئەمەریکا لە ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی تۆمار کرد. دوای بڵاوبوونەوەی بڕیارەکەی چین، نرخی زێڕ بە ڕێژەی ٣٪ لە بۆرسەی جیهانی بەرز بووەوە، لە کاتێکدا نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی.
پێشتر، وەزارەتی بازرگانی چین هۆشداری دابوو کە ئەگەر ئەمریکا لە بەرزکردنەوەی باجەکان بەردەوام بێت و قەبارەی بازرگانییەکان سنوردار بکات، ئەوا چین "تا کۆتایی شەڕی بازرگانی" لەگەڵ ئەمەریکا درێژە پێدەدات.