بڕیارە سبەینی دەم پارتی لەگەڵ سەرۆك كۆماری توركیا كۆببێتەوە و پڕۆسەی ئاشتی تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوەكە دەبێت و وتەبێژی ئاكەپەش دەڵێت، ئامانج لە كۆبوونەوەكە كاركردنە بۆ توركیایەكی بێ تیرۆر.

لەوبارەیەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، سبەینێ لەگەڵ وەفدێکی دەمپارتی کۆدەبێتەوە.

وتیشی، "دەمانەوێت پرۆسەی ئاشتی سەربگرێت و ئاشتی لە وڵات بەدیبێت"، ئەوەشی خستە روو، "داوا لە پەکەکە دەکەم خۆی هەڵبوەشێنێتەوە".

رۆژی دووشەممەی رابردوو عومەر چەلیك وتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان 'ئاكەپە' لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەم هەفتەیە وەفدی دەم پارتی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا كۆ دەبێتەوە و پڕۆسەی ئاشتیی دەچێتە قۆناغی نوێوە.