كۆشكی سپی: ئێران هەنگاو دەنێت بۆ گەیشتنە رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ واشنتۆن
لاوان
٨ی نیسانی ٢٠٢٥
كۆشكی سپی ئەمریكا رایگەیاند، ئێران هەنگاو دەنێت بۆ گەیشتن بە رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ واشنتۆن.
كارۆلین لیڤیت، وتەبێژی كۆشكی سپی ئەمریكا لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئێران بە ئاڕاستەی گەیشتن بە رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریكا هەنگاو دەنێت.
ئەوەشی خستەڕو، سەرۆكی ئەمریكا لەسەر رێككەوتنی ئەتۆمی دوو بژاردەی داوەتە تاران، یان رێككەوتن دەكات یاخود باجەكەی دەدات، هەروەها روونیشیكردووەتەوە، ئەگەر ئێران رێككەوتنی ئەتۆمی ئەنجامنەدات، ئەوا سزایەكی توند چاوەڕێی دەكات.
وتەبێژی كۆشكی سپی ئاماژەی بەوەشدا، گفتوگۆكانی رۆژی شەممەی داهاتوو لەنێوان ئەمریكا و ئێران بەشێوەی دانوستانی راسەوخۆ لە عەممان دەبێت.
ئەوەش لەكاتێكدایە، بڕیارە رۆژی شەممەی داهاتوو دانوستان لەنێوان واشنتۆن و تاران لە عەممان دەستپێبكات و دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، گفتوگۆكان راستەوخۆ دەبێت
هاوكات وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، ستیڤ ویتكۆڤ نێردەی ئەمریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرۆكایەتی وەفدی ئەمریكا دەكات و رۆژی چوار شەممەش ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەگەڵ هاوتا سعودییەكەی كۆدەبێتەوە.