ترەمپ رۆژانە 998 دۆلار سزای ئەو کۆچبەرانە دەدات کە فەرمانی دیپۆرتکردنەوەیان هەیە
محەمەد رزگار
٨ی نیسانی ٢٠٢٥
ئیدارەی ترەمپ بە نیازە رۆژانە 998 دۆلار سزای ئەو کۆچبەرانە بدات کە فەرمانی دیپۆرتکردنەوەیان هەیە، هەر کۆچبەرێکیش نەتوانێت ئەو پێبژاردنە بدات دەستبەسەر موڵکەکانیدا دەگیرێت.
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردوەتەوە، بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی دەستمان کەوتووە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بە نیازە سزای نوێ بەسەر ئەو کۆچبەرانەدا بسپەێنێت کە فەرمانی دیپۆرتکردنەوەیان هەیە و رۆژانە بە 998 دۆلار سزا دەدرێن.
رۆیتەرز ئاماژەی بەوەشکردووە، یاساکە بە ماوەی پێنج ساڵ جێبەجێ دەکرێت، هەر کۆچبەرێکیش نەتوانێت ئەو سزایە بدات دەستبەسەر موڵکەکانیاندا دەگیرێت.
لە بەرانبەردا وتەبێژی وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا رایگەیاندووە، ئەو کۆچبەرانەی بە شێوەیەکی نایاسایی لە ئەمریکا نیشتەجێن، پێویستە ئەپیلیکەیشنی CPP Home بەکاربهێنن "بۆ دیپۆرتکردنەوەی خۆیان و دەستبەجێ وڵاتەکە بەجێبهێڵن".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەگەر ئەم کارە نەکەن، ئەوا روبەڕوی سزاکان دەبنەوە.
جێگەی ئاماژەیە، ئەگەر ئەو سزایە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە نزیکەی یەک ملیۆن و 400 هەزار کۆچبەر دەگرێتەوە، کە لەلایەن دادوەرەوە فەرمانی دیپۆرتکردنەوەیان بۆ دەرچووە.