وەزیری راگەیاندنی لوبنان "پۆڵ مەرقەس" لە دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند، لە کاتی جێبەجێکردنی ئاگربەستەوە لە کۆتایی ساڵی 2024 تاکو ئێستا، لایەنی ئیسرائیلی زیاتر لە دوو هەزار و 700پێشێلکاری ئەنجامداوە و لە ئەنجامی ئەو پێشێلکارییانەدا 180 هاوڵاتی لوبنانی گیانیان لەدەستداوە.
وەزیری راگەیاندنی لوبنان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دوای کۆبوونەوەیەک بە سەرۆکایەتی "جۆزێف عەون" سەرۆک کۆماری لوبنان، ئاماژەی بەوەکرد کە "مەترسی گەورە هەیە لەبەردەم سەروەری لوبنان، بەتایبەت داگیرکاری و هێرشەکانی ئیسرائیل، کە رێگری لە ئەرکی سوپای لوبنان دەکەن لە باشوری روباری لیتانیا".
شایانی باسە، ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان لە 27ـی تشرینی دووەمی 2024 کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، دوای ئەوەی ئیسرائیل شەڕێکی بەرفراوانی لە دژی حزبوڵا بەڕێوەبرد کە لە ئەنجامدا "حەسەن نەسڕوڵا" ئەمینداری گشتی حزبوڵا کوژرا.
سەبارەت بە دۆسیەی چەکەکانی حزبوڵا، مەرقەس جەختی کردەوە کە "حکومەت پابەندە بە درێژکردنەوەی سەروەری دەوڵەت بەسەر هەموو خاکەکانیدا تەنها لەڕێگەی هێزەکانی خۆیەوە".
هەروەها رایگەیاند، ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر درێژکردنەوەی پۆستی یونیفیل، ئەو هێزە نێودەوڵەتییەی لە باشوری لوبنان کاردەکات.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا، وەزیری راگەیاندنی لوبنان ئاشکرای کرد کە سەرۆک عەون لە میانی دانیشتنەکەدا وەزیرەکانی ئاگادارکردۆتەوە کە ڕەنگە هەفتەی داهاتوو وەفدی قەتەر سەردانی لوبنان بکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسی کارەبا.