لە کاتێکدا هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بەردەوامن، کاربەدەستانی ئەمەریکا بە توندی رەخنە لە حەماس دەگرن و بزووتنەوەکە بە بەرپرسیاری سەرەکی دەستپێکردنەوەی شەڕەکە دادەنێن.

برایان هیوز، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمەریکا، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "حەماس دەیتوانی رێگای ئاشتی هەڵبژێرێت، بەڵام ئەو بڕیارەی نەدا. ئەوان پێشتر دەرفەتی ئەوەیان هەبوو بارمتەکان ئازاد بکەن و ئاگربەست درێژ بکەنەوە، بەڵام گەڕانەوەیان هەڵبژارد بۆ شەڕ."

لە بەرامبەردا، حەماس ناتانیاهۆی بە پاشگەزبوونەوە لە رێککەوتنی ئاگربەست و هەموو بەڵێنەکانی پێشتر، تۆمەتبار کردووە و داوای لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی کردووە خۆپیشاندان دژی کردەوەکانی ئیسرائیل بکەن.

"باجێکی قورس"

ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ ناوچەکە، هۆشداری داوە کە حەماس باجێکی قورسی راگرتنی بارمتەکان دەدات.

"بەردەوامبوون لە راگرتنی بارمتەکان باجێکی قورسی لێ دەکەوێتەوە و ئەوە لە بەرژەوەندی خەڵکی فەلەستین نییە،" ویتکۆف لە لێدوانەکەیدا، داوای ئازادکردنی دەستبەجێی سەرجەم بارمتە زیندووەکانی کرد.

بارودۆخی مرۆیی

لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی تەندروستیی غەززە رایگەیاندووە کە لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمڕۆی ئیسرائیل، زیاتر لە 300 فەلەستینی گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون.

گوتەبێژی سەربازی ئیسرائیل پێشتر رایگەیاندبوو کە "هێزەکانی IDF و شاباک، هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر بزووتنەوەی حەماس لە سەرتاسەری کەرتی غەززە دەست پێ دەکەن."

سەرچاوە نزیکەکان لە ناوچەکە دەڵێن شەڕە نوێیەکان کاریگەری قورسی لەسەر بارودۆخی مرۆیی لە غەززە دەبێت.