نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بریتانیا بە ئامادەبوونی ژمارەیەک پەرلەمانتاری بریتانیا و دۆستی کورد و رەوەندی کوردی، لە پەرلەمانی بریتانیا یادی قوربانیانی 37 ساڵەی کیمیابارانی هەڵەبجە بەرز راگیرا.

کاروان جەمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێم لە بریتانیا بە کوردسات نیوزی راگەیاند، "یادکردنەوەی ئەو کارەساتە زۆر گرنگە لە بریتانیا، پێویستە هەوڵ بدرێت بەشێوەیەکی فراوان ئەو چیرۆکە ناخ هەژێنە و تاوانەکانی کە بەسەر گەلەکەماندا هاتووە ون نەبێت و بەگوێی دنیای دەرەوەدا بدرێت".

وتیشی، "تاوانەکانی بەرانبەر گەلی کوردستان کراوە، لە پەرلەمانی بەریتانیا لە ساڵی 2013 بە جینۆساید ناسێندراوە، بەڵام هێشتا لەلایەن حکومەتی بریتانیاوە نەناسێندراوە، هەروەها خۆشبەختانە پەرلەمانی بریتانیا ساڵانە لە مانگی چواردا راگەیەندراوی رەسمی دەبێت سەبارەت بەو کارەساتەی بەسەر گەلی کوردستاندا هاتووە".